ژنە چالاكوانێكی كورد بە پێنج ساڵ زیندانی سزا دەدرێت

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كەژاڵ نەسری چالاكی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەری سەر بە شاری سنە كە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و دوای مانگێك بە بارمتە ئازاد كرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندكرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی هەواڵێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو سزایە لەلایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆكایەتی دادوەر حوسێن سەعیدی و بە تۆمەتی هاوكاری و ئەندامەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە سەر ناوبراودا سەپاوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

كەژاڵ نەسری چالاكی مەدەنی و فەرهەنگی دانیشتووی گوندی تەنگی سەری سنە ڕۆژی یەكشەممە 12ی دیسەمبەری 2021 لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەكی یاسایی دەستبەسەر و بە زۆرەملێ ڕفێندرا بە شێوەیەك كە هەتا سێ هەفتە بنەماڵەكەی بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری شوێنی ڕاگیران و باری تەندروستی ناوبراو نەبوون.

ئەم چالاكە كوردە دوای مانگێك دەستبەسەركران و دوای ئەوەی دایكی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەپێش دەرگای ئیتلاعاتی سنە مانی لە خواردن گرتبوو، بە بارمتەی 100 ملیۆن تمەن و بە دەستبەندی ئەلیكترۆنی بەشێوەی كاتی لە زیندانی ئیتلاعاتی سنە ئازاد كرا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک