پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەڵكەوت عەبدوڵڵا، شارەزای بواری هاتووچۆ و دامەزرێنەری سیستمی دانیماركی لە پارێزگای سلێمانی لە رێگەی پۆڵەتیك پرێسەوە دەقی ئەو یاداشتە ئاشكرا دەكات، كە ئاراستەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كردووە و لەلایەن وەزیرەوە پشتگوێخراوە، لە كاتێكدایە یاداشتەكە بە وردی باس لە كێشە و گرفت و مەترسییەكانی بواری هاتووچۆ لە هەرێم دەكات.
لە پێشەكی یاداشتەكەیدا هەڵكەوت عەبدوڵا نووسیویەتی: لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2022 دا ئەو یاداشتنامەیەم نارد بۆ وەزیری ناوخۆی حكومەتی كوردستان و چاوەڕوانی وەڵام و هەڵوێست بووم. لە كۆتایی هەمان مانگدا بە واتسئەپ نامەیەكم لەلایەن هێمن میرانی، بەڕیوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناخۆوە، بۆ هات و داوای قسەكردنی لێ كردم. كاتێك پەیوەندییەكە كرا و بە تەلەفۆن بۆ نزیكەی زیاتر لە نیو سەعات قسەكردنی دۆستانە و ڕاشكاوانە و زانستیانە، پێی ڕاگەیاندم كە وەزیری ناوخۆ زۆر سەرقاڵە، بەڵام ئەو كورتەیەكی یاداشتنامەكە و بابەتە سەرەكییەكانی بە چەند خاڵێك دەخاتە بەردەمی وەزیری ناوخۆ و لە بڕیارەكەی ئاگادارم دەكاتەوە. منیش پێم ڕاگەیاند كە دەگەڕێمەوە كوردستان و باش دەبێت یەكتر ببینین، هەروەها پێم وت ئەگەر وەڵامم بەدەست نەگاتەوە ناچار دەبم لە ڕاگەیاندندا بۆ ڕای گشتی بڵاوی بكەمەوە، چونكە پەیوەندیی بە ژیان و سەلامەتیی هاووڵاتیانی كوردستانەوە هەیە. لە كوردستان چەندین جار بە تەلەفۆن پەیوەندیم بە هێمن میرانیەوە كرد و نامەم بۆ نارد بێ وەڵام بوو، بۆیە بە پێویستم زانی بڵاوی بكەمەوە تا كاری جیدی لەسەر ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە بكرێت و فەرامۆش نەكرێت.
لەو یاداشتەدا كە ئاراستەی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە هەڵكەوت عەبدوڵا دەڵێت: من یەكەمین جار لە وۆركشۆپێكی وەزارەتی ناوخۆ، لە ڕۆژی چوارشەممەی 5_2_2020 دا، پێش سەرهەڵدان و تەشەنەسەندنی كۆرۆنا، بەڕێزتانم بینی و زۆر ڕاشكاوانە گرفتەكانی هاتووچۆی هەرێمم خستە بەردەمی بەڕێزتان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتووچۆی پارێزگاكانی هەرێم، ئەنجامی قسەكانم لیوا عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێم، هەڵچوو و بەڕێزتان هێورتان كردەوە.
لەو وۆركشۆپەدا، پاش ئەوەی هەموان بیروڕای خۆیان دەربڕی و دەركەوت گرفتەكانی هاتووچۆ ئەوەندە گەورەن بە وۆركشۆپ چارەسەر ناكرێت، بڕیاردرا دوای جەژنی ڕەمەزانی ئەو ساڵە كۆنفرانسی هاتووچۆ لەسەر ئاستی هەرێم ساز بكرێت، بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەكان و كەسانی شارەزا و بەئەزموون، كە من یەكێكیان بووم. دوای ئەو وۆركشۆپە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی سازكردنی كۆنفرانسەكە بووم و چەندین جار پرسیارم دەربارەی كرد و چەند بابەتێكیشم لە ڕۆژنامە و سایتەكاندا سەبارەت بە ئامادەكارییەكانی بڵاوكردەوە، كەچی سەرەتا بە هۆی كۆرۆناوە نەكرا، دواتریش هەرجارە و بە بیانوویەك بۆ سازنەدانی دەدۆزرایەوە و تا ئێستاش دیارنییە كەی سازدەكرێت.
لە یاداشتەكەیدا هەڵكەوت عەبدوڵا كە وێنەیەكی بۆ پۆڵەتیك پرێس ناردووە نووسیویەتی: پێش وۆركشۆپەكە چەندین گرفت لەئارادابوون، دوای وۆركشۆپەكە، لەبری ئەوەی ئەو گرفتانە ڕوو لە كەمی بكەن و زەمینەسازی بۆ چارەسەركردنیان بكرێت، ڕەوتی كاروبارەكان بەرەو ئەو ئاڕاستەیە ڕۆیشتن، كە بارودۆخی هاتووچۆ ئاڵۆزتر بێت و بگاتە ئاستێك ئەم ماوەیە كارێك ئەنجام بدرێت، كە بازرگانیكردن و پارەپەیداكردنە بۆ ناوەندی كەرتی تایبەت و زەمینەخۆشكردنە بۆ دروستكردنی سەدان ڕاهێنەری نەشارەزا و نازانستی و ناپرۆفشناڵ، كە دواجار دەبنە مایەی بەرهەمهێنانی مۆڵەت بەدەست نەك شۆفێر و خستنەوەی مینی زۆر لەناو كۆمەڵگەدا، كە لە ڕووداوەكانی هاتووچۆدا بە ڕووی كەسوكاری هەموومان دەتەقنەوە. ئەمە هانی منی دا چاوەڕوانی وەلاوە بنێم و ئەم یاداشتە ئاڕاستەی بەڕێزت بكەم.
لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەیدا كە ئاراستەی وەزیری ناوخۆی كردووە هەڵكەوت عەبدوڵا دەڵێت: لە ڕۆژی 10_2_2022 دا و بە بڕیاری ژمارە 2473 بەڕێزت واژۆت لەسەر هەموارێكی ڕێنمایی ژمارە 2 ساڵی 2021 تایبەت بە ڕێكخستنی كاری نووسینگەكانی فێركردنی شۆفێری، كردووە و ڕازیبوویت لەسەر ئەوەی هەركەسێك بڕوانامەی شەشی سەرەتایی هەبێت دەتوانێت ببێتە ڕاهێنەری فێركردنی شۆفێری، لە كاتێكدا لە پەروەردەی هەرێمدا بڕوانامەی شەشی سەرەتایی نەماوە و پۆلی شەشەم بەشێكە لە خوێندنی بنەڕەتی. ئەمە بەلای منەوە مایەی نیگەرانی و هەڵوەستە لەسەر كردن بوو، چونكە بەڕێزت خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماجستێریت و تێدەگەیت كە ڕاهێنەری فێركردنی شۆفێری دەبێت چ جۆرە كەسێك بێت و بڕوانامە و شارەزاییەكانی چۆن بێت، هەروەها بڕواناكەم بەڕێزت ئامادە بیت منداڵ و كەسوكاری خۆت بخەیتە بەر دەستی كەسێكی وەها، تا فێری شۆفێری بكات. زۆر بیرم لەوە كردەوە چۆن بەڕێزت واژۆت لەسەر بڕیارێكی وەها كردووە، دواجار بەپێی ئەوەی لە وۆركشۆپەكە ڕووبەڕوو قسەم لەگەڵ كردبوویت و نیاز و تواناتم بۆ دەركەوتبوو، تەنیا یەك گریمانەم لەبەردەستدا بوو، ئەویش ئەو بڕیارە خرابێتە ناو زۆر مامەڵەوە و بەڕێز بە چاونووقانەوە واژۆت كردبێ. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەمە ڕوو تا بەڕێزتان بەرچاو ڕوون بن و بتوانن هەڵوێستی جیدی و دەستوبردی بەرامبەر وەربگرن.
لە بەشێكی خاڵەكاندا هاتووە، ئەو هەمواركردنەوەیە مەبەستێكی بازرگانی لە پشتەوەیە و لە خزمەتی تاقە ناوەندێكی پێگەیاندنی ڕاهێنەردایە، كە گومان لەسەر شێوازی دامەزراندن و بەدەستهێنانی مۆڵەت و جۆری هاوكاریكردنی لە لایەن هاتووچۆی گشتی هەرێم و شێوازی ڕاییكردنی كارەكانیەوە هەیە، چونكە بە هۆی ئەو هەمواركردنەوەیە سەدان ڕاهێنەر بە بڕە پارەیەكی باش دروست دەكرێن، بەبێ گوێدانە پێداویستی هاتووچۆی هەرێم بەو ژمارە زۆرەو بەبێ بایەخدان بە كواڵیتی پێگەیاندنی ڕاهێنەر.
هەڵكەوت عەبدوڵا لە بەشێكی دیكەی یاداشتەكەیدا كە وێنەیەكی بۆ پۆڵەتیك پرێس ناردووە دەڵێت: ئەنجامی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی كاری نووسینگەكان لە پارێزگای سلێمانی، گرفتی پارەپەیداكردن و بژێوییان هەیە و كەمی ڕاهێنەر لەئارادانەبووە تاوەكو خول بۆ ژمارەیەكی زۆر ڕاهێنەری تایبەت و ڕاهێنەری گشتی بكرێتەوە و لە داهاتوودا دەرفەتی پارەپەیداكردن، لەبەر زۆریی ڕاهێنەر، دروست دەبێت. ئامانجی ئەو خولانە بە ڕای من ئەمانەیە:
أ- بەشێك لە خاوەن نووسینگەكانی سلێمانی دەیانەوێ كارەكەیان بە بنەماڵەیی بكەن، واتە كچ و كوڕ و خزمی خۆیان بكەنە ڕاهێنەر و ئەو ڕاهێنەرانەی تر لە كار دەر بكەن كە كاریان لەگەڵ دەكەن.
ب- هەندێك ئەفسەر و كارمەندی هاتووچۆ بەنیازن كەسوكاری خۆیان بخەنە ناو بوارەكەوە و كاریان بۆ پەیدا بكەن.
ج- پاش دروستبوونی ئەو ڕاهێنەرانە، كە دەبنە زۆرینە، كۆمپانیایەك دابمەزرێنرێ بۆ قۆرخكردنی بوارەكە و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی نووسینگەكانی ئیمڕۆ.
د- پارەپەیداكردن بۆ ناوەندێكی تایبەت، نەك بۆ پەرەپێدانی ڕەوتی هاتووچۆی هەرێم و قازانجكردنی هەندێك كەس نەك هاتووچۆ لەو پارەپەیداكردنە.
هەڵكەوت عەبدوڵا باس لە كۆمەڵێك گرفتی سەرەكی هاتووچۆ دەكات لەوانەش نەبوونی یاسایەكی هاتووچۆی هاوچەرخ، كە هەموو لایەنەكانی كەرتەكە لەخۆ بگرێت و بەپێی بەندەكانی كاروبارەكان ڕێك بخرێن و میرانە و سزاكان دەستنیشان بكرێن.
ئاماژە بە كێشەیەكی دیكە دەكات كە بریتیە لە باڵادەستیی نەوەیەكی تەقلیدی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتووچۆی هەرێمدا، كە ئاشنانین بە زانستی هاتووچۆ و وەك كایەیەكی سەربازی نەك مەدەنی دەڕواننە كارەكەی خۆیان و نەگەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی هاتووچۆی ئەم سەردەمە بە ئامراز و شێوازەكانی كاركردنی ڕابردوو بەڕێوەنابرێت و پێویستی بەكرانەوەیە بە ڕووی سەردەمدا، هەروەها ئامادەنین پەرە بە لایەنی زانستیی خۆیان بدەن و سوورن لەسەر بەڕێوەبردنی هاتووچۆ بە شێوەی باوی كۆنپارێز. لێرەدا دەكرێت بپرسم: «نەدار هیچی هەیە بیبەخشێت.
هۆكارێكی دیكەی كێشەكان بە بڕوای هەڵكەوت عەبدوڵا ئاسەوارەكانی دوو ئیدارەیین، كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین شێوازی مۆڵەتپێدان، دانانی هێما و هێڵەكانی هاتووچۆ بە چەند مۆدێلێكی جیاوازی پڕ لە خەوشی و هەڵە، پەروەردەبوونی جیاوازی كارمەندانی هاتووچۆ، هەروەها ناوچەگەرێتیی حزبی.
بوونی مەیلی قۆرخكاری لە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی هاتووچۆدا و لە بەرژەوەندیی تاكەكەسی و حزبیدا، لە كاتێكدا دەكرێت هەموو ئەو كاروبارانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆوە بەڕێوەببرێن و قازانجەكەشی بۆ سوودی گشتی بێت، نەك دەوڵەمەندبوونی تاكەكەسی.
لە بەشێكی دیكەی ئەو یاداشتەدا كەوێنەیەكی بۆ پۆڵەتیك پرێس ناردووە هەڵكەوت عەبدوڵا ئاماژە بە مەترسییەكی دیكەی بواری هاتووچۆ دەكات كە ئەویش بریتیە لە هەماهەنگ نەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری هاتووچۆ (هاتووچۆ، شارەوانی، ڕێگەوبان، دارایی، پەروەردە، تەندروستی…هتد) و نەبوونی پلانی هاوبەشی بەهێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هاتووچۆ و ڕاییكردنی كارەكانی، كە بوونەتە هۆی خستنەوەی پشێوی و سەلێشیوان و بەهەدەردانی سامانی گشتی.