پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای داڕشتنی پلانی ورد توانرا میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ ئاسانكاری هاوڵاتییان لە تەواوكردنی مامەڵەكانیاندا بەشێوەیەكی خێراتر.
بەڕێوەبەرایەتیەكە چەند هەنگاوێكی ناوە بەم ئاراستەیە و ڕایگەیاند ئەم هەنگاوانە پەیڕەو دەكات:
1. نەهێشتنی ڕۆتینی نووسراوەكان لە واژۆ و سەردانیكردنی ژوورەكان.
2. كەمكردنەوەی هەنگاوەكانی مامەڵە و یەكخستنی ژوورەكان كە وا دەكات هاوڵاتی بە یەكجار نۆرەگرتن چەند كارێك تەواو بكات و هەروەها لەبری ئەوەی لە چەند ژوورێك هاوڵاتییەكە پسووڵە ببڕێت لە یەك شوێندا دەتوانێت بەشی پسوڵە تەواو بكات.
3. ڕێكخستنەوە و دابەشكردنەوەی ئەفسەر و كارمەندان و پێدانی دەسەڵات بە ئەفسەرەكان لە ڕێگەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەبەری بەش و هۆبەكان.
4. ڕێكخستنی كاری كۆمپانیاكان و لابردنی سنوورداركردنی مامەڵە، هەروەها درێژكردنەوەی ماوەی كارپێكردنی پشتگیری كۆمپانیاكان.
5. زۆركردنی لیژنەكانی پشكنین لە سێ لیژنەوە بۆ نۆ لیژنە و بڵاوەپێكردنیان بەسەر تاقیگەكانی پشكنینی ئوتومبیلدا.
ئاماژەشی بەوە كرد، ئەگەر وەك نموونە ژمارەی تەواوكردنی مامەڵەی هاوڵاتییان وەربگرین لە چەند رۆژێكی مانگەكانی رابردوو و ئێستادا دەبینین كە پلانەكە سەركەوتوو بووە و مامەڵەی هاوڵاتییان زیاتر تەواو دەكرێت و بە كاتێكی كەمتر.
بەڕێوەبەرایەتیەكە ڕایگەیاند كە دوای جێبەجێ كردنی بڕیارەكە ژمارەی ئەو كارانەی بە ڕێكراون لە 500 مامەڵەوە بۆ هەزار مامەڵە زیادی كردوە.