هەزاران ئۆتۆمبێل بە قاچاخ هێنراونەتە هەرێمی كوردستان

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، هەزاران ئۆتۆمبێل بە قاچاخ و بە نایاسایی هێنراونەتە هەرێمی كوردستان و بۆ هێنانی هەریەكەشیان زیاتر لە شەش هەزار دۆلار وەرگیراوە.

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ناو بە ناو بەشێوازی نایاسایی و قاچاخ هەزاران ئۆتۆمبێل دەهێنرێتە هەرێمی كوردستان بەم دواییە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك بڕی شەش هەزار و 500 دۆلار بۆ هاتنە ناوەوەیان وەرگیراوە.

وتیشی، “كۆمەڵێك بەرپرسی حزبی و حكومی لە پشت ئەم كارەوەن بەوەش سەدان ملیۆن دۆلاریان دەستدەكەوێت”.

دەشڵێت، “داوایەكم لە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم و بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەرێم هەیە، 20 هەزار ئۆتۆمبیل چۆن و بەچ رێگایەك هاتوونەتە هەرێم و تۆماركراون ئەگەر لە خاڵە سنوورییەكانەوە نەبێت، لە بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێمیش دەپرسم لە كاتێكدا ئەم ئۆتۆمبێلانە قاچاخن و بە نایاسایی هێنراون چۆن رێگە بەخۆیان دەدەن داوای تۆماركردنییان بكەن، گرەنتیشمان بدەنێ‌ لە چەند مانگی داهاتوودا بڕیارێك دەرناچێت بۆ ژمارە پێدانییان”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كردووە كە خوار مۆدێلن‌ و تۆمار نەكراون، بەمەبەستی پڕكردنەوەی فۆڕم كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم دەستنیشانكراوە.

هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاندووە، خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەتوانن لەبەرواری 7ی3 تا ڕۆژی 25ی3‌و لەڕۆژانی فەرمی دەوامدا واتا ڕۆژانی یەك شەممە‌و دوو شەممە‌و سێ شەممە‌و چوار شەممە، لەكاتژمێر (1:30) پاش نیوەڕۆ تا (5:00) سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بكەن لەتاسڵوجە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا