“حكومەت دەتوانێت جگە لەپارەكەی بەغدا بێ لێبڕین مووچە دابەشبكات”

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات، حكومەت داهاتی دوو مانگی نەوت و ناوخۆی لەبەردەستەو پێویستە بێ لێبڕین مووچە دابەش بكات.

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس باسی لەوەكرد، حكومەت كاتێك بیەوێت مووچەی مانگێك دابەش بكات، پێشتر كۆبونەوەیەك رێكدەخات و تێیدا بڕیار لەشێوازی دابەشكردنەكەی دەدات.

لەبارەی ئەوەی ئەگەر هەیە حكومەت مووچەی مانگی 10 بە لێبڕینی زۆرەوە دابەش بكات باسی لەوەكرد، حكومەت نابێت غەدری وا گەورە لە موچەخۆران بكات، چونكە داهاتی دوو مانگی نەوت و ناوخۆی لەبەردەستەو دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە بدات.

وتیشی، “تەنانەت ئێستا حكومەت هیچ پێویستی بە پارەی بەغدا نییە لەبەرئەوەی بەشی ئەوە پارەی هەیە مووچەی پێ دابەش بكات”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتی هەرێم لەمساڵدا تەنها مووچەی چوار مانگی دابەشكردووە كە سیانیان بە لێبڕینەوە بووە، لەئێستاشدا چاوەڕێی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی بەغدا دەكات.

بەپێی زانیارییەكانیش هەرێم بێهیوا بووە لەوەی بەم نزیكانە بەغدا پارەكە بنرێت، بۆیە ئەگەری زۆرە پەنا بۆ ئەوە ببات مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەران بەڕێژەیەكی زۆری لێبڕینەوە دابەش بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا