قوباد تاڵەبانی: عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مارك برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختی كردەوە لەسەر پێویستیی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گاز و رایگەیاند دەبێت رێككەوتن لەسەر یاسای نەوت و گاز ئەولەوییەتی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بێت.

لە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوار شەمە 27ی تەموزی 2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دەیڤید هەنت، كۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، باسی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كرا.

جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند عێراق لەوە زیاتر بەرگەی ململانێی ناپێویست لەسەر پۆست و ئیمتیاز ناگرێت و پێویستە لایەنەكان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتدا گفتوگۆكانیان لەسەر پرسە سیاسییە چارەنووسسازەكان و چۆنییەتی پێكهێنانی حكومەتێكی كارای خزمەتگوزار و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چڕبكەنەوە.

قوباد تاڵەبانی جەختیشی كردەوە لەم قۆناغەدا رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و گاز و پەسندكردنی یاسای نەوت و گاز دەبێت لە ئەولەوییەتی دانووستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بێت چونكە رێككەوتن لەسەر ئەم پرسە زەمینەی لەبار دروست دەكات بۆ رێككەوتن لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانیتر.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ئاماژەی دا بە كێشەكانی ژینگە و مەترسییەكانی سەر سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و رایگەیاند پێویستە پرسی ژینگەش لە ئەولەوییەتەكانی حكومەتی داهاتووی عێراق بێت.

لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی بەریتانیا ستایشی هەنگاوە چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كرد و ئامادەیی وڵاتەكەی دووپات كردەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ خێراتركردن و بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی ریفۆرم لە دامەزراوەكانی حكومەتدا. داواشیكرد لە داهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی هەرێم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەكان رێك بخات بۆ باسكردن و تاوتوێكردنی پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكیتری كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی كۆنسوڵی گشتی بەریتانیای كرد كە بەر لە ماوەیەك سەردانی دەڤەری راپەڕینی كردوە و داوایكرد سەردانی شار و شارۆچكەكانی دیكەش بكات بۆ ئەوەی پێكەوە پلانی هاوبەش دابنێن بۆ وەبەرهێنان لەو دەڤەرانە و رەخساندنی هەلی كار بۆ دانیشتوانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كورستان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا