پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد؛ کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بکەن لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و چاکسازیش بکەن لەو كەرتەدا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ 30 ی ئابی 2021 لە هەولێر، بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و ئابووری وپلاندانان و تەندروستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە رێکخستنەوەی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەت ئامادەی بوون، پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی خرایەڕوو لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی کەرتی تەندروستی و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
لەکۆبونەوەکەدا وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی خستەروو لەبارەی کار و پلانەکانی وەزارەت بۆ چاکسازی و چۆنییەتی باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی بە شێوازێک کە خزمەتی تەندروستی باشتر پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.
قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە کە دەبێت چاکسازی بکرێت لە کەرتی تەندروستی بەتایبەت لەبواری دەرماندا، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد كاری پەلەی لەسەر بکەن.
هەروەها وتی ” دەبێت هاوسەنگیی و کێبڕکێ هەبێت لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی تەندروستی بە شێوازێک کە هاوڵاتیان تێیدا سوودمەند بن.”
لەبارەی دابینکردنی دەرمان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد کە پلانێک دابڕێژن بۆ رێکخستنەوەی دابین کردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە کار لەسەر بەگەڕخستنی سیستەمی بیمەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بکەن بەشێوازێک کە کەرتی تەندروستی باشتر بێت و خزمەتی باشتر بە هاوڵاتیان بکات.