پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-10-2021 لە كۆتا رۆژی بانگەشەی هاوپەیمانی كوردستان بۆ بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەی بوونی هەزاران خوێن سەوز و نیلی پۆش كەڕنەڤاڵی فراوانی هاوپەیمانی كوردستان، لە یاریگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرەتا دەرباز محەمەد ڕێگەپێدراوی هاوپەیمانی وتارێكی پێشكەش كرد و تێيدا ئاماژەی بەوەدا كە بە ئیرادەیەكی بەهێز لە بەغدا شەڕی مادەی 140 و شەڕی شایستە داراییەكان و شەڕی قەرەبووكردنەوەی مافی ئەنفالكراوەكان دەكەین و بە دیدێكی سیاسی هاوبەش كار دەكەین.
دواتر قوباد تاڵەبانی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند: سلێمانی هەمیشە بە پێشەنگ دەمێنێتەوە و سەنگ و قورسایی بۆ سلێمانی دەگەڕێنینەوە و ناهێڵین سلێمانی بكەوێ و هەر لێرەوە سەركەوتنی هاوپەیمانی كوردستان رادەگەیەنین.
وتیشی: كاروانەكەی مام و كاكە نەوە بەردەوامە و بڕیارمان داوە رۆحی سەرۆك مام جەلال و كاك نەوشیروان ئاسودە بكەین و بەیەك ریزی ئەم هاوپەیمانییە سەربخەین، چونكە لەبەغدا تەنها حساب بۆ هێزی كاریگەر دەكرێت و گوێ لە موزایەدە چی و هاش و هوش ناگیرێت.
سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان لە درێژەی وتەكانیدا وتی: پەرتەوازەیی زیانی بەشاری سلیمانی گەیاندوە، بۆیە ئیتر بەیەك دەنگ و یەك دەست خۆمان بۆ سەركەوتنی گەورە ئامادە دەكەین و كارەكانی رابردومان ئەوەی سەلماندوە كەدەتوانین لە رێگەی دانوستانەوە كێشەكانمان چارەسەر بكەین.