پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ژنە چالاكوانێكی بادینان دوای ئازادكردنی، ئاشكرایكرد كە دوای دەستگیركردنی 15 رۆژ لەژووی تاكەكەسی بووە و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ كراوە و دواتریش هەر لەزیندان بەهۆی مامەڵەی خراپەوە توشی نەخۆشی شەكرە بووەو چاوی خراپ دەبینێت.
بێریڤان ئەیوب، ژنە چالاكوانی بادینان كە یەكێكە لەو چالاكوانانەی بادینان كە لەسەر بیروڕای ئازادو داواكردنی مافی هاووڵاتیان لەلایەن ئاسایشی پارتیەوە دەستگیركرابوو، دوای 19 مانگ زیندانی ئازادكراو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا، داوای ئازادكردنی دەستگیركراوانی دیكەی بادینانی كرد و رایگەیاند: دەستگیركردنم لەسەر رەخنەگرتن بووە لە دەسەڵات لە دهۆك كە داوای مافی هاووڵاتیان و مووچەمان كردبوو، بۆیە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی لەسەری دەستگیركرابووم ناڕاست بوو، بۆیە دوای بێتاوان بوونم ئازادكرام.
وتیشی: لەزیندان بەهۆی مامەڵەی خراپی هێزە ئەمنییەكانەوە ماوەی 15 رۆژ لەژووی تاكەكەسی زیندانی كرام و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە مامەڵەم لەگەڵ كراوە، دواتریش هەر لەزیندان بەهۆی مامەڵەی خراپەوە توشی نەخۆشی شەكرە بووم و چاوەكانم خراپ دەبینێت.
رۆژی 6-3-2022 دادگای هەولێر هەر یەك لە بێریڤان ئەیوب و عەبدولموتەلیب رەمەزانی بەگوێرەی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمان، بە دوو ساڵ زیندانیكردن سزادا.
یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 تایبەتە بە هەمواركردنەوە و لە كارخستنی چەند مادەیەكی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969 یاسای سزاكانی عێراق.