هەرێم چاوەڕێی نەوتەكەی بەغدایە

پۆڵەتیك پرێس:

وردە وردە لە وەرزی پایز نزیك دەبینەوە، تائێستا پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی ماڵان لە پارێزگاكان دەستی پێنەكردووەتەوە، بەوتەی بەرپرسانی سلێمانیش پرۆسەكە لە كوێدا وەستاوە، لەهەمان شوێن دەستپێدەكاتەوە.

ساڵانە دابەشكردنی نەوتی سپی ماڵان لە قەزا و ناحیە و دێیەكانەوە دەستپێدەكات، بەهۆی خاوی پرۆسەكەشەوە تاكو سەرە دەگاتە سەنتەری شارەكان وەرزی بەهار دێت و پرۆسەكە دەوەستێت.

هەرێمی كوردستان ئەگەرچی خۆی نەوتی خاو بەرهەمدەهێنێت و دەیفرۆشێت، بەڵام ناتوانێت نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكات، چاوەڕێی بەغدا دەكات، ئەویش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و ناوەندەوە بەپێی پێویست نەوت نانێردرێت.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی پایز و زستاندا نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و نرخەكەی دەگاتە 150 هەزار دینار كە نرخەكەی لە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان زیاترە.

ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نرخی نەوتی سپیش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ 100 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی پایز و بەرزبوونەوەی بەهای نەوت، نرخی نەوتی سپیش بەرزبووەتەوە بۆ 110 هەزار دینار بۆ بەرمیلێك.

لەوبارەیەوە كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، دابەشكردنی نەوت و هەنگاوەكانی لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانە، ئێمەش وەك لیژنەكە تەنها چاودێری پرۆسەی دابەشكردنەكە دەكەین و بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی دەكەین.

وتیشی: تائێستا هیچ بەرچاوڕونییەك نییە، بۆ دابینكردنی نەوتی ماڵان كە حكومەتی هەرێم خۆی دابینیدەكات، یان چاوەڕێی بەغدا دەكات وەك ساڵانی رابردوو دابینیبكات، بەڵام لە كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە، ساڵی رابردوو لە كوێدا وەستاوە لەهەمان شوێنەوە دەستپێدەكاتەوە.

پێشتریش هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كاتی سەردانكردنی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سلێمانی، لە چوار چێوەی داواكارییەكان داوای لە كازمی كرد بڕی پێویست لە هەموو بەرهەمەنەوتییەكان بەتایبەتی نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق تەرخان بكەن و ناوبراویش بەڵێنی دابینكردنی پێداون.

بۆ ئەوەی هەرخێزانێك بڕی یەك بەرمیل نەوتی پێبدرێت، پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 108 ملیۆن لیتر نەوت هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا