هەماهەنگی لەنێوان شاندی هەرێم و نوێنەرانی كورد لەبەغدا نییە

پۆڵەتیك پرێس

چەند رۆژێكە شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئامادەكارییەكانی بودجەی ساڵانی 2021 تا 2023 لەبەغدان و لەگەڵ لیژنەی باڵای ئامادەكاری بودجە لەگفتوگۆو كۆبونەوەدان، بەڵام ئەو شاندەی هەرێم هیچ پەیوەندی و هەماهەنگییەكی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا نییە.

 

لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق چەند نوێنەرێكی كورد لەخۆی دەگرێت، ئەو نوێنەرانە لەماوەی رابردودا بەردەوام گلەیی ئەوەیان دەكرد كاتێك شاندی هەرێم بۆ پرسی بودجەو گرفتی مووچەی فەرمانبەران سەردانی بەغدا دەكەن هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵ ئەواندا نییە.

 

ساڵانە حكومەتی عێراق لەرێگەی وەزارەتی داراییەوە بودجەی گشتی ئامادە دەكات پاشان لە حكومەتەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، سەرەتاش دەنێردرێتە لیژنەی دارایی، بۆیە نوێنەرانی كورد لەو لیژنەیە بەگرنگی دەزانن هەماهەنگی لەنێوان ئەوان و بەرپرسانی حكومەتدا هەبێت تا پێكەوە رێگە چارە بۆ تەواوی كێشەو گرفتەكانی هەرێم و بەغدا دابنێنن.

ئەو نوێنەرانە بەردەوام گلەیی ئەوە دەكەن لەسەردانەكانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئەندامانی شاندەكەن هیچ هەماهەنگییەك لەگەڵ ئەواندا ناكەن

لەبارەی سەردانەكەشەوە زاگرۆس فەتاح بریكاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان و ئەندامی شاندی كوردی لەبەغدا لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانج لە بەشداریكردنی شاندی هەرێم لەو كۆبوونەوانەدا جێكردنەوە و جێگیركردنی پێداویستییە تەكنیكی و هونەرییەكانی هەرێمە لەبودجەی ساڵانی داهاتووی عێراقدا.

 

راشیگەیاند، بە بەرپرسانی عێراقیان ڕاگەیاندووە پێویستە ڕێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفەكانی (نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەكان و باج) واژو بكرێت تاوەكو لەو رێگەیەوە بتوانرێت بەشێوەیەكی شایستە پێداویستییەكانی هەرێم لە بودجەدا دیاری بكرێت.

دەبوو هەماهەنگی باشمان هەبووایە تا بەهەردوولاوە گفتوگۆمان لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم بكردایە

ئەو شاندەی هەرێم و بەغدا مەبەستیانە هێڵە گشتیەكانی بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو دیاری بكەن كە ساڵی یەكەمی پێویستە جێبەجێ بكرێت و دوو ساڵەكەی دیكەش دەكرێت دواتر بەپێی گۆڕانكارییەكان بەڕێژەی سەدا 20 گۆڕانكارییان تێدا بكرێت.

 

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی دارایی بە پۆلەتیك پرێسی راگەیاند، شاندەكە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی ستراتیژییەتی بودجەن بۆ ساڵەكانی ٢٠٢١ تا ساڵی ٢٠٢٣ ، لە دوورەوە ئاگاداری كارەكانیانین، بەڵام هیچ هەماهەنگی لە نێوان هەردولادا نییە.

وتیشی، “لە ڕاستیدا دەبوو هەماهەنگی باشمان هەبووایە تا بەهەردوولاوە گفتوگۆمان لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم بكردایە”.

 

ئەو شاندەی هەرێم و بەغدا مەبەستیانە هێڵە گشتیەكانی بودجە بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو دیاری بكەن

ماوەی چەند ساڵێكە كێشەكانی هەرێم و بەغدا بوونەتە هۆكاری ئەوەی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە گرفتی بۆ دروست ببێت، بەهۆی ئەوەشەوە قەیرانی دارایی سەخت رووی لەهەرێم كردووە، حكومەتیش وەك پێویست توانای دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی نەماوە.

ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئاگاداری كارەكانی ئەو شاندە نییەو هەماهەنگی لەنێوان ئەندامی لیژنەی دارایی و شاندەكە نییە، هیچ ئەندامێكی شاندەكەش راوێژیان لەگەڵ ئەواندا نەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرنگە شاندەكە كەسانی شارەزا و پسپۆڕی ناو وەزارەتی داراییان تێدا بێت، بەڵام ئەگەر وەك شاندەكانی پێشووبن ئەوا گرفت دروست دەبێت و ناتوانن گفتوگۆی باش لەسەر پشكی هەرێم بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا