وەزیری سامانە سروشتییەکان: هەتا لەم شوێنە بم ڕێگا بە گەندەڵی نادەم

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “هەرگیز ڕێگا نادەم یەك دینار بە ناحەق لە وەزارەتەكەم دەربچێت”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی 1ی 2022، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئێمە هاتووین بۆ زاخۆ بۆ ئەوەی وەک وەزارەت هاوکاری ئەم شارە بکەین، زاخۆش ناوچەیەکە بۆ نەوت زۆر گرنگە”.

وتیشی: باسمان لە جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری کردووە بۆ ئەو سنوورانەی سامانی سروشتییان هەیە.

کەمال ئەتروشی لەبارەی گەندەڵییەوە ئەوەی خستەڕوو، “ئەمە دروشمی منە و بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بە گەندەڵی نادەم لەنێو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و هەرگیز ڕێگا نادەم یەك دینار بە ناحەق لە وەزارەتەكەم دەربچێت”.

لەبارەی ئەو بەنزینەی عێراق بۆ هەرێم دەینێرێت وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوەکرد، “ئەو بەنزینەی عێراق دەینێرێت بەشی هەرێم ناکات، چونکە هەرێم ڕۆژانە پێویستی بە نزیکەی شەش ملیۆن لیتر بەنزینە”.

لەبارەی ئەو ماڵانەی کە تا ئێستا نەوتی سپییان بەسەردا دابەش نەکراوە وتی: سەردانی ئەو ماڵانە دەکەم کە نەوتی سپیان بەسەردا دابەشنەکراوە، ڕاستە نەوتەکە درەنگ هات و لە دەستی ئێمە نەبوو، بەڵکو لە دەستی وەزیری نەوتی عێراقدایە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک