بۆچی یەکێتی و هێزەکانی تر داوای یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەکەن؟

لوقمان وەردی – ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
یاسای ژمارەی (١)ی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کەمکوڕی زۆری تێدایە، بەشێوەیەک ئەم یاسایە لەئێستادا لەگەڵ ئاستی گەشەسەندنی سیاسی و دیموکراسی و کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان دا ناگونجێیت، بۆیە لە پێناو دەستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباردا بۆ ھەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد، هەروەها مسۆگەرکردنی نوێنەرایەتی راستەقینەی جوگرافی پارێزگاکان، پێویستە بەرلەوەی قسەو باس لە بارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی بکرێت، یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە. چونکە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لەھەرێم، تاکە دامەزراوەی نیشتمانییە، کە حزبێکی دیاریکراوی تێدا باڵادەست نیە، بەڵکو پێکھاتەکەی رەنگدانەوەی نوێنەرایەتی زۆرینەی ھێزە سیاسیەکانی کوردستانە، بۆیە دەبێت پێکهاتەی ئیستای کۆمسیۆنەکە بەمجۆرەی ئێستا بمێنێتەوە و رێگانەدرێت هەژمونی هیچ هێز و لایەنێکی سیاسی بەسەریدا زاڵبکرێت و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەخراپ بەکاربهێنرێت.
ئەو پاساوانەی لەلایەن ھێزێکی دیاریکراوی هەرێمەوە و لەژێر ھەر بیانوێک دا دەھێنرێنەوە، بۆ خۆدزینەوەیە لە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و تەگەرەدروستکردن لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەردەوامبوون لەسەر سیستەمی یەک بازنەیی، کە پاساوی زۆر نالۆژیکین و خزمەتی دیموکراسیەتی هەڵبژاردنێکی راستەقینە ناکەن. ئەوەتا ماوەی ١٣ ساڵە، واتا لە سالی ٢٠٠٩ ەوە یاسای ھەڵبژاردن ھەموار نەکراوەتەوە و لەماوەی ئەم ١٣ ساڵەشدا، کۆمەڵگای کوردەواری گۆرانکاری و گەشەسەندنی زۆری بەسەردا هاتووە و دۆخەکەش وا دەخوازێت یاسای هەڵبژاردن هاوشانی ئەم گۆڕانکارییانە بروات، نەک پاشەکشە بکەین و پاساوی ناجۆر بهێنرێتەوە.
بەدیاریکراویش دوو کێشەی زەق لە سیستەمی یەک بازنەیی ھەرێمی کورستاندا بەدیدەکرێت :
یەکەم: کێشەی نوێنەرایەتی دادپەروەریی ھەیە، چونکە پێشێلی مافی وەکیەکی ناوچەکان دەکات و ھەندێک شار نوێنەریان نابێیت لە پەرلەمان دا. بۆیە، ئەو ھێزەی دەیەوێت ھەرێم بەیەک بازنە بمێنێتەوە، دەیەوێت بەدەنگی سنورێکی دیارکراو مافی تەواوی ناوچەکانی تریش بخوات، سەرەرای ئەوەی کورسی پێکھاتەکان، لە سیستەمی یەک بازنەیی دا، خراپ بەکارھێنراوە و حزبێکی دیاریکراو کادیرە حزبیەکانی خۆی کردووەتە نوێنەری پێکھاتەکان و دواجاریش ئەوانە نابنە نوێنەری راستەقینەی پێکھاتەکان و بەمەش غەدر لە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان کراوە. ھەربۆیە، نوێنەرایەتی پێکھاتەکانیش لەسایەی فرەبازنەیی دا، گونجاوتر و لەبارترە وەک یەک بازنەیی.
دووەم: پێویستە یاساکە بەشێوەیەک ھەمواربکرێتەوە، کە ھەرێمی کوردستان دابەشبکرێت بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن، واتا بۆ ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیەکانی بەپێ ژمارەی دەنگدەران بۆ دیاری بکرێت و نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان لە هەر چوار بازنەکەدا هەبێت، هەروەکچۆن بۆ نمونە تورکمان لە کفری بونی هەیە و خوشک و برا مەسیحییەکانمان لەسلێمانی و کۆیە و کاکەییەکانیش لە پارێزگای ھەڵەبجە و گەرمیان بونیان هەیە و پێویستە نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان دا هەبێت، کە ئەمەش بە یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دێتەدی، کە هەرێم بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەکورسی پێکھاتەکانیشەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا