سیاسەتی‌ ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاستدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت؟

سیاسەت و بەرژەوەندیی‌ وڵاتە زلهێزەكانی جیهان و ئەمریكا ناگۆڕێت لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكی‌ تر و بە زۆری‌ ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەی‌ دایدەڕێژن، درێژەی‌ دەبێت بۆ ساڵی‌ داهاتوو، تەنها لە بارودۆخێكدا نەبێت كە دەستەبژێری‌ فەرمانڕەوا لەو وڵاتانە و ئەمریكا گۆڕانكاریی بەسەردا بێت، بۆیە پێدەچێت سیاسەتی‌ زلهێزەكان بۆ ناوچەكە لە 2023دا درێژەدان بێت بەهەمان سیاسەتی‌ ساڵی‌ رابردوو.

جەنگی روسیا و ئۆكرانیا

سەرەڕای‌ جەنگی‌ روسیا و ئۆكرانیا لە 2022 و بەشداریی‌ راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی‌ زلهێزەكانی جیهان لەو جەنگەدا، بەڵام گرنگیدانی‌ ئەو وڵاتانە بە كێشە و قەیرانەكانی‌ وڵاتانی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست كەمی‌ نەكردووە، بەڵكو به ‌پێچەوانەوە سیاسەتی‌ وڵاتانی خۆرئاوا و روسیاش زیاتر ململانێ و پێشبڕكێ بووە لەسەر چۆنیتی‌ راكێشانی‌ سەرنج و مەیلی‌ ئەو وڵاتانە بە ئاراستەی‌ خۆیاندا.

لێرەدا هەوڵدەدەم ئاڕاستەی‌ سیاسەتی‌ پێشبینیكراوی‌ ئەمریكا دەربارەی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ و توركیا و ئێران و ئیسرائیل لە 2023 بخەمەڕوو.

ئەمریكا

ئەمریكا هاوپەیمان و هاوبەشی‌ سیاسیی‌ ستراتیژی‌ زۆرێك لە وڵاتانی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاستە، گۆڕانكارییەكی‌ سەرەكی‌ كە لە ئەمریكا هاتۆتەگۆڕێ‌ ئەوەیە حزبی‌ كۆماری‌ زۆرینەی‌ كورسییەكانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ بردۆتەوە، ئەمەش كاریگەریی‌ راستەوخۆی‌ لەسەر سیاسەتی‌ دەرەوەی‌ ئەو وڵاتە دەبێت. بۆیە پێدەچێت ئەمریكا لە 2023 دا بە چەند ئاڕاستەیەك بەرەو خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست هەنگاو بنێت كە دیارترینیان:-

1- تایبەتە بە هاوپەیمانە كۆنەكانی‌ ئەمریكا، كە هەڵوێستەكانیان جیاوازە لەمەڕ جەنگی‌ ئۆكرانیا و روسیا، كە زۆربەیان لایەنگری‌ سیاسەتی‌ ئەمریكا نەبوون لەو جەنگەدا، ئەوەش به ‌دەنگدانەكەیان لە نەتەوه ‌یەكگرتووەكان و هەروەها لە وتاری‌ سەركردەكانیان لە لووتكەی‌ جەددە بە ئامادەبوونی‌ جۆ بایدنی سەرۆكی‌ ئەمریكا لە 2022 بە روونی‌ دەركەوت، ئەمە چ جای هەڵوێستی‌ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ بەرهەمهێنەری‌ نەوت لە ئۆپێك پڵەس، هەموو ئەمانە زۆرجار دەبوونە مایەی‌ نیگەرانیی‌ واشنتۆن، بۆیە پێدەچێت ئەمریكا هەوڵی‌ پێشخستنی‌ پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ وڵاتانی‌ عەرەبی‌ وەكو (میسر و سعودیە و ئیمارات) بدات، كە لە كۆتایی‌ ساڵی رابردووەوە بەرەوپێشچوونی‌ باشی‌ بەخۆوە بینیووە، ئەمەش لەلایەن زۆرینەی‌ كۆمارییەكانەوە پشتگیریی‌ لێدەكرێت .

ئەوەش بە راستی‌ لەم دواییەدا بەدەركەوت لە سەروبەندی سەردانەكەی‌ سەرۆكی‌ چین بۆ سعودیە كە ئەمریكا رەخنەی لێ نەگرت و نیگەرانیی‌ بەرامبەر دەرنەبڕی، ئەمە لەپاڵ ئەوەی‌ ئەمریكا گرنگی‌ بە هەندێك وڵاتی‌ دیكەی عەرەبی‌ وەكو جەزائیر دەدات، كە لە ساڵی‌ 2022 هەوڵی‌ راكێشانی‌ سۆز و سەرنجی دەدات، هەرچەندە جەزائیر دۆست و هاوبەش و هاوپەیمانێكی‌ تەقلیدیی روسیایه ‌و پەیوەندیی‌ توندوتۆڵی‌ سیاسی‌ و سەربازی‌ و ئابووریی‌ لەگەڵ مۆسكۆدا هەیە.
2- بەرپەرچدانەوەی‌ ئێران لە هەر هەنگاوێكی‌ سەربازی‌ كە بیەوێت بیكات دژ بە بەرژەوەندییەكانی‌ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی‌ لە ناوچەكەدا.

3- مانەوەی‌ پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ توركیادا، وەكو خۆی‌ لەنێوان خراپبوون و باشبوون.

4- پەیوەندیی‌ به ‌ئیسرائیلەوە هەیە و ئەگەر هەیە واشنتۆن ناكۆكی‌ سەختی بۆ دروست ببێت لەگەڵ حكومەتی‌ راستڕەوەی‌ ئیسرائیلدا.

بورهان شێخ رەئوف

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا