زانیاری گرنگ لەبارەی هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی ئاشكرا كرا

پۆڵەتیك پرێس

وردەكاری هەوڵی تیرۆركردنى مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاشكراكراو بەوتەی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەرۆكوەزیرانی عێراق هێشتا هیچ كەس و لایەنێك بە ئەنجامدانی رووداوەكە تۆمەتبار نەكراوە.

قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی عێراق بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبارەی هێرشەكەوە بڵاوكردەوەو ئاشكرایكرد، ئەو لیژنەیەی بۆ ئەو روداوە پێكهێنراوە، هیچ دەستێوەردانێك نەبووە لە كاروبارەكانیان، خۆیان لە رێگەی ئەو بەڵگانەی بەردەستیان كەوتووە بڕیاریانداوە و بەدوورن لە ململانێی سیاسی.

باسی لەوەشكرد، هێشتا لیژنەكە هیچ كەس و لایەنێكی تۆمەتبار نەكردووەو جارێ پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیەو سەرۆكوەزیرانيش داوای بەڵگەی تەواوەتی لێكردون.

وتیشی، “ماڵەكە بە دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كراوەتە سەر كە شوێنەكانیمان دەستنیشان كردووە كە باكوری رۆژهەڵاتی بەغدایەو بۆمبی فڕۆكەكانیش لەناوخۆی عێراقدا دروستكراون و یەكێك لە بۆمبەكان نەتەقیوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، تیمی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنی بەباشی كاری خۆیان نەكردووەو ئەو بۆمبەی نەتەقیوەتەوە دواتر لە روباری دیجلە تەقێنراوەتەوە.

هاوكات داوای لە هەموو لایەنەكان كرد، هەرلایەك زانیاری لایە ئەوا هاوكاری لیژنەی لێكۆڵینەوە بكەن.

پێشتر راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو، لە چەند رۆژی داهاتودا، زانیاری تەواو لە بارەی هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمی ئاشكرادەكەن.

دوای ئەو روداوەش هەندێك میلیشیای نزیك لە ئێران تۆمەتباركران بەوەی لە پشت ئەو كارەوە بن، بەڵام قەیس خەز عەلی ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاندبوو، هەوڵدان بۆ تۆمەتباركردنی میلیشیاكانی بەرگری لە هەوڵی تیرۆركردنی كازمی یاریكردنە بە ئاگر.

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، شوێنی مانەوەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغدا لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە كرایە ئامانج.

لە روداوەكەدا مستەفا كازمی هیچ زیانێكی پێنەگەشت، بەڵام چەند پاسەوانێكی برینداربوون و زیانی مادییش بەشوێنی مانەوەی گەشت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا