ئاسایش تۆمەتبارێكی دیكەی رووداوی رفاندنی بازرگانەكەی شاری سلێمانی دەستگیردەكات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارێكی تریان دەستگیركرد كە بەشدار بووە لە رفاندنی بازرگانەكەی شاری سلێمانی، لە شاری كوت_یش دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێكی دزراودا دەگرن.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: هاوكات ئاسایش دانپێدانانی دوو لە رفێنەرەكان بڵاودەكاتەوە كە بە وتەی خۆیان پێشینەی تاوانكارییان هەبووە .

ئەوەشهاتووە، باندێكی رفاندن و دزیكردن كە لەدووگروپ ( كورد ، عەرەب ) پێكهاتبوون ئاشكرادەكرێن و ئەندامەكانیان دەستگیردەكرێن و رفێندراوێكیش كە بازرگانێكی دانیشتووی سلێمانی بوو كەمتر لە 24 سەعات لە رێگای بەغدا – دیالە رزگاركراو بە خانەوادەكەی شادكرایەوە .

دەقی راگەیەندراوەكە:

پاش ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 13_10_2022 هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی ئاگاداردەكرێنەوە لەبوونی رووداوێكی تاوانكاری و رفاندن و دزی كە لەبەرەبەیاندا سەعات 4:2 تاوانكار بەجلوبەرگی سەربازی بەناوی هێزەكانی ئاسایشەوە هەڵدەكوتنە سەرماڵێك لە گەڕەكی ئاشتی سلێمانی( یونس قادر ئەحمەد) خاوەن ماڵ كە بازرگانە، ئازاری دەدەن و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلەكەی كە لەجۆری لێكززە لەگەڵ بڕێك پارەو ئاڵتوون دەدزن و هەڵدێن .

دەستبەجێ هێزەكانمان دەستیان بەلێكۆڵینەوە كرد و لەسەر بنەمای بەدواداچوون ، سەرەداوی ورد دەست كەوت لەسەر ئەم رووداوە تاوانكارییە ، ئاشكرابوو كە تۆمەتباران بەرەو بەغدا هەڵهاتوون و لەسنووری هەرێم نەماون ، لەسەر پێشنیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ژورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ( الامن الوگنی ) پێكهێنراو دوای هەماهەنگی و رەزامەندی دادوەر سێ تیمی ئۆپراسیۆن جوڵەیان پێكراو بەڕێكەوتن بۆ بەغدا ، دیالە ، كفری كە بەهاوكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەدوو هەڵمەتی جیاجیا و لەیەك كاتدا هەریەك لە ( ئ ، م ) و ( ه . ی ) لە نزیك بەغدا و دیالە دەستگیركران و هاوڵاتی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگار كرا . لەقەزای كفریش هەمان رۆژ لەلایەن هێزەكانمانەوە تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیركرا . ئەو ئۆتۆمبێلەشی تاوانەكەی پێئەنجامدرابوو دەستی بەسەرداگیراو ئۆتۆمبێلە دزراوەكەش دۆزرایەوە .

لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە رۆژی هەینی 14_10_2022 تۆمەتبارێكی تر لە سلێمانی ( ح . ع ) دەستگیركرا و دەست بەسەر جبەخانە و چەك و چەند جۆرێك جلوبەرگی سەربازییشدا گیرا .هاوڵاتی ( یونس قادر ئەحمەد ) بەسەلامەتی بە خانەوادەكەی شادكرایەوە .

لێكۆڵینەوە بەردەوام بوو ، زانیاری نوێ بەدەست هات كە ئۆتۆمبێلێك لەجۆری توێتا كامری لە یەكێك لە نووسینەگەكانی بەكرێدان لە سلێمانی بەكرێ گیراوە و لەلایەن هەمان گروپە دزراوە ، پاش دەستكەوتنی بەڵگە بەهاوكاری هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژی یەك شەممە16_10_2022 لە كوت توانرا تۆمەتبارێكی تر ( ع ، خ ) پەیوەست بە گروپە تاوانكارییەكە كە عەرەب بوو دەستگیركراو ئۆتۆمبێلەكەش دۆزرایەوە و بۆ خاوەنەكەی لە سلێمانی گەڕێندرایەوە .

ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان وەك ئەركی سەرشانی هێزەكانمان بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە رایدەپەڕێنین لە بەرامبەر تاوانكاران و هەر تۆمەتبارێكی قانوون شكێن، سڵ ناكەینەوە ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەكەین و ماف بۆ خەڵكی خۆمان دەگەڕێنینەوە .

پێزانین و ستایشی بەردەوامیش بۆ كۆمەڵانی خەڵك و هەموو چین و توێژەكان دەردەبڕین كەهاوكارو پشتیوانمانن هەروەك سوپاسی بێپایانیش ئاڕاستەی هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەكەین كە هەماهەنگ بوون لەسەرخستنی ئەم پرۆسە ئەمنییەدا .

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا