تورکیا 35 هەزار سەربازی بۆ هێرشکردنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەکرد

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تورکیا زیاتر لە 35 هەزار سەرباز ئامادەدەکات کە بەشداردەبن لە ئۆپەراسیۆنی نوێی سەربازی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان.

بەپێی راپۆرتێکی ڕۆژنامەی “تورکیا گازێتە” ئامادەکارییەکانی تورکیا بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی دژی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوای کوردستان.

هاوکات، تورکیا داوای لە سەرکردەی هێزە ئۆپۆزسیۆنە شەڕکەرەکانی سوریا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی “قەڵغانی فورات” و “بەهاری ئاشتی” و “چڵە زەیتون” کردووە بچنە تورکیا و دواتریش لەسەر دوو هێڵی سەرەکی بە سوپایەکی 35 هەزار کەسی، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام بدەن.

هەر بەپێی ئەو رۆژنامەیە، زانیاری ئاڵوگۆڕکراوە لەبارەی هەماهەنگی بەرەی پێشەوەی ئۆپەراسیۆنەکە و ستراتیژ و تاکتیکی ئۆپەراسیۆنەکە کە لەگەڵ سەرکردەی سوپای نیشتیمانی سوریا ئەنجامدەدرێت، جگە لەوەش شوێن و ژمارەی ئەو سەربازانە دیاریکراوە کە لە بەرەی (تەل رەفعەت و مونبج و عەین عیسا و تەل تەمری سەربە حەسەکە) شەڕ دەکەن.

بڕیارە ئەو سەربازانەش کە خاوەنی شارەزایی سەربازین لە سوپای نیشتیمانی سوریا و پێشتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەدا بەشداریان کردووە، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە خاڵە هەستیارەکانی ئەو ناوچانە جێگیربکرێن کە بە بڕوای تورکیا لەلایەن (پەکەکە) و (یەکینەکانی پاراستنی گەل) لە مەنبەج و تەل رەفعەت و تەل تەمر و عەین عیسا داگیرکراون، بڕیارە یەکەکانی کۆماندۆش پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن.

ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەکردووە، دۆسیەی کۆبانێ خاڵی لەپێشینەی ئۆپەراسیۆنەکەیە کە تورکیا خۆی بۆ ئامادە دەکات، جەخت لە گرنگی داگیرکردنی کۆبانێش کراوەتەوە لەپێناو بڕینی هێڵی قامیشلۆ-مەنبەج – کۆبانێ و گرەنتیکردنی ڕاگرتنی راستەوخۆی ڕێگەی نێوان سەرێکانێ و تەل ئەبیەز لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا