هەڕەشەیەکی توند لە ئەمریکاوە بۆ تورکیا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای چەند سەعاتێک لە لێدوانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کاتێک رایگەیاند، وڵاتەکەی هێشتا هەوڵ دەدات جارێکی دیکە سیستمی بەرگری موشەکی ئێس-400ی روسی بکڕێت، ئەمریکا هۆشداری دایە تورکیا، گەر ئەم هەنگاوە بنێت، ئەوا سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت.

لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “بەردەوام دەبین لەوەی بۆ تورکیای روونبکەینەوە، کڕینی چەکی نوێ و گەورە لە روسیا، دەبێتەهۆی ئەوەی سزای زیاتر بەسەر تورکیا بسەپێنرێت”.

رۆژی یەکشەممە ئەردۆغان بە تۆڕی سی بی ئێس نیوزی راگەیاند، “لە داهاتوودا، کەس ناتوانێت دەستوەربداتە بابەتی ئەو سیستمە بەرگریانەی بەدەستیان دەهێنین، ئیتر لە هەر ئاستێکدا بێت و لە هەر وڵاتێکی بکڕین، کەس بۆی نییە دەستوەردان بکات، ئێمە تەنیا کەسین بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدەین”.

جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەی هەنگاودەنێت بۆ کڕینی وەجبەی دووەمی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس-400، سەرباری ئەوەی ئەمریکا هۆشداریدا کە سیستمی بەرگری ئێس-400ی روسی ئاسایشی ناتۆ دەخاتە مەترسییەوە.

“کڕینی چەکی نوێ و گەورە لە روسیا، دەبێتەهۆی ئەوەی سزای زیاتر بەسەر تورکیا بسەپێنرێت”

بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی سوریا و ئیسرائیل و لیبیا و بڕیاری کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400ی روسی لەلایەن ئەردۆغانەوە، کێشە کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا و بووەهۆی ئەوەی ئەمریکا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

ئەردۆغان وتی: ئەمریکا رەتیکردەوە سیستمی موشەکی پاتریۆت بە تورکیا بفرۆشێت، بۆیە حکومەتەکەی پەنای بردەبەر کڕینی سیستمی موشەکی روسیا.

کانونی دووەمی ساڵی 2019، ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ تورکیا کرد بۆ کڕینی سیستمی موشەکی پاتریۆتی ئەمریکی، وەک جێگرەوەی سیستمە روسییەکە.

کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە لەوەی قایل بووە بە فرۆشتنی سیستمی موشەکی بەبەهای 3.5 ملیار دۆلار بە تورکیا، کە تیایدا 80 موشەکی پاتریۆت و 60 موشەک لە جۆری PAC-3 و چەند کەلوپەلێکی تر بوونی هەبوو.

مانگی ئابی 2019، کاتێک تورکیا سیستمە موشەکییەکەی روسیای کڕی، ئەمریکا کشایەوە لەو پێشنیازە.

هەر لەمیانەی ئەو چاوپێکەوتنە ئەردۆغان وتی: بەهیوام ئەمریکا هێزەکانی کە ژمارەیان 900 سەربازە، لە سوریا بکشێنێتەوە.

ئەمریکا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان کە تیایدا یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژمارەیەک هێزی دیکەی کوردی بوونیان هەیە.

“ناکۆکییەکان لەسەر دۆسیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا بوو”

بەڵام تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان پۆلێن دەکات.

ناکۆکییەکان لەسەر دۆسیەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هۆکارێکی دیکەی درێژمەودابوو بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، هەر ئەوەش بوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای هاندا، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکشێنێتەوە، ئەمەش رێگەی کردەوە لەبەردەم هێزەکانی تورکیا تا دژی کۆمەڵە کوردییەکان بجوڵێن.

جگە لەمانەش دۆسیەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا هێشتا بەشێکن لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیدارەی جۆ بایدن رەخنەی لە مافی مرۆڤ گرت لە تورکیا و ئامارەکانی تۆمەتبارکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و راگەیانکاران و سەرکردە سیاسییەکان و سەرمایەدارانی تورکیای بە بابەتێکی مەترسیدار لەقەڵەمدا.

کاتێک ئەردۆغان و جۆ بایدن مانگی حوزەیرانی رابردوو لە برۆکسل چاویان بە یەکتری کەوت، دوای کۆبوونەوەکە ئەردۆغان وتی: “پێمانوایە هیچ دۆسیەیەک نییە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا چارەسەری نەبێت، بواری هەماهەنگی بۆ ئێمە بەرفراوانە و گەورەترە لە کێشەکان”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا