هەسەدە رەتی دەکاتەوە لە سعودیە و ئیمارات دەرکرابێت

پۆڵەتیک پرێس

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رەتیکردەوە ئاڵۆزی لەنێوان ئیدارەی خۆسەری کورد و سعودیە یان هەر دەوڵەتێکی کەنداوی عەرەبیدا هەبێت.

لەوبارەیەوە، ریاز دەرار هاوسەرۆکی هەسەدە رایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لەناویشیاندا سعودیە باشە و پەیوەندی بەردەوام لەنێوان دوو لایەنەکەدا هەیە و هیچ کێشەیەکیان نییە.

باسی لەوەش کرد، وڵاتانی کەنداو هیچ یارمەتییەکی ماددی پێشکەشی ئیدارەی خۆسەری هەسەدە ناکەن و تەنیا پاڵپشتی سیاسی و مەعنەوی دەکەن.

پێشتر میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە، سعودیە پاڵپشتیکردنی ئیدارەی خۆسەری هەسەدەی راگرتووە بەمەبەستی نزیکبوونەوە لە تورکیا.

لەماوەی هەفتەکانی رابردوو چەند ئاماژەیەکی نزیکبوونەوەی نێوان سعودیە و تورکیا بەدیکرا بەتایبەت کاتێک شا سەلمان بن عەبدولعەزیز سەرەخۆشی قوربانیانی بومەلەرزەکەی ئیزمیری ئاراستەی تورکیا کرد، هاوکات، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان شای سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نزیکبوونەوەکە قوڵتر بووەوە.

ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی سامر سەبهان وەزیری سعودیە و بەرپرسانی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد و لەوێ چاویان بە چەند بەرپرس و کەسایەتییەکی ئەنجومەنەکانی پارێزگای دێرەزور کەوت، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی خۆسەری هەسەدە بەهێز کرد.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک