پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە بڵاویکردەوە، چەکدارانی تاڵیبان چوونەتە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستانەوە و تاڵیبانیش دەڵێت: نامانەوێت بەزەبری هێز دەست بەسەر کابوڵدا بگرین.
بزوتنەوەی تاڵیبان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، “لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستاندا دانوستان دەکەین بەمەبەستی ئەوەی بەشێوەیەکی پارێزراو دەسەڵات ئاڵوگۆڕ بکرێت و زیان بە ژیانی دانیشتوانی کابوڵ نەگات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیگرتووە بەسەر ناوچەی باگرام لە ویلایەتی پەروان لە باکوری رۆژهەڵاتی کابوڵ، ئەمەش دوای چەند سەعاتێک لە کۆنتڕۆڵکردنی سنووری ئەفغانستان و پاکستان و شاری جەلال ئاباد.
هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە باڵیۆزخانەکانی دیکەی کابوڵ کرد هەستن بە کەمکردنەوە و گواستنەوەی کارمەندەکانیان لەو شارە.
لەلایەکی دیکەوە شایەتحاڵێک دەڵێت: دوکەڵ لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابوڵ بەرزبووەتەوە و ئەگەر هەیە ئەو دوکەڵە لە ئەنجامی سوتاندنی بەڵگەنامە گرنگەکانی باڵیۆزخانەکەوە دروستبووبێت کە ئەمریکا نایەوێت بکەونەدەست تاڵیبان.
بەپرسێکی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا کەمتر لە 50 کارمەندی ئەمریکی لە کابوڵ دەمێننەوە.