راچڵەکینی تورکیا لە خەونی چوونە ئەفغانستان

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان رۆژی یەکشەممە چوونەناو کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان و لەدوای داڕمانی خێرای هێزەکانی ئەفغانستان دەستیان بەسەر زۆربەی ناوەند و دامەزراوەکانی شارەکەدا گرت، لەکاتێکدا هەمووان چاویان لەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ بوو وەک تاکە دەروازەی ئاسمانی بۆ چوونەدەرەوە لەو وڵاتە.

بڕیاربوو هێزەکانی تورکیا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، کە لەگەڵ کشانەوەی سەربازی ئەمریکا لە ئەفغانستان کشایەوە، بەشداربێت لە پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەم ئەرکە لە ئێستادا و لەو بارودۆخەی کابوڵی تێدایە بۆ تورکەکان ئەستەم بێت.

پێشتر بزوتنەوەی تاڵیبان بەر لەوەی کابوڵ کۆنتڕۆڵ بکات، هۆشداری توندی دایە تورکیا لەبارەی گرتنەئەستۆی ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانە لەڕووی سەربازییەوە، جەختیشی لەوە کردەوە لەگەڵ هەر وڵاتێکدا تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی وڵاتانی ئیسلامیشدا بێت، وەک هێزی داگیرکار مامەڵە دەکات.

رۆژی 10ی حوزەیرانی رابردوو سوهەیل شاهین، وتەبێژی تاڵیبان لە قەتەر وتی: تورکیا بەشێک بووە لە  هێزەکانی ناتۆ لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا و پێویستە لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنەی لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوو لەنێوان ئەمریکا و ئەفغانستان ئەنجامدرا، هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێتەوە.

ئەندامبوونی تورکیا لەناو هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم ئەوەی لە ئەفغانستان قبوڵ نەکرێت

ئەندامبوونی تورکیا لەناو هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم ئەوەی لەلایەن تاڵیبانەوە و لەڕووی سەربازییەوە لە ئەفغانستان قبوڵ نەکرێت.

لەسەر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییانە، کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵ لەلایەن تاڵیبانەوە پلانی مانەوەی تورکیا لە ئەفغانستان تێکدەدات و سەرکێشی مانەوەی تورکەکانیش لەو وڵاتە بەو مانەیە دێت، ئەنقەرە و هێزەکانی دووچاری مەترسی دەبن.

لایخۆیەوە یێنس ستۆلتنبێرگ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانانی ناتۆ رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هاوپەیمانان پشکیان دەبێت لە دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ و رێگەدان بە گەڕانەوەی هاوڵاتیانی بیانی لەگەڵ نزیکبوونەوەی تاڵیبان.

وتیشی: لەبارەی دۆخی ئەفغانستانەوە قسەم لەگەڵ بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرەکانی دەرەوە و هاوپەیمانە کەنەدی و دانیمارکی و هۆڵەندییەکان کرد و هاوپەیمانان یارمەتیدەر دەبن لە هێشتنەوەی فڕۆکەخانەی کابوڵ بە کراوەیی بەمەبەستی ئاسانکاری و هەماهەنگیکردن لە گەڕانەوەی هاوڵاتیان.

لەبارەی ئامادەیی دیبلۆماسی تورک مەولود چاوش ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوەکردەوە، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.

کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵ لەلایەن تاڵیبانەوە پلانی مانەوەی تورکیا لە ئەفغانستان تێکدەدات

وتیشی: ئامادەکاری پێویستمان کردووە بۆ ئەو هاوڵاتییە تورکانەی دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن و باڵیۆزخانەکەمان لە کابوڵ بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رایگەیاند، ئامادەیە بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی تاڵیبان و نێوەندگیری لە قەیرانی ئەفغاستان، بەڵام داڕمانی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان و هەڵهاتنی لەدوای ئەوەی تاڵیبان دەستی بەسەر کابوڵدا گرت، شکستی بەو پلانە هێنا کە دەیویست لەڕێیەوە دەرگای گەیشتن بە تاڵیبان بکاتەوە و ئاسایشی جێگیرکردنی هێزەکانیشی کۆتایی پێهات.

سەرباری ئەوەی ماوەی 20 ساڵە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناتۆ بە ملیاران دۆلاریان خەرج کردووە بۆ دامەزراندنی هێزەکانی ئاسایش لە ئەفغانستان، بەڵام لەماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا بزوتنەوەی تاڵیبان، دەستی بەسەر نزیکەی تەواوی ئەفغانستاندا گرت.

لە مانگی ئایاری رابردووەوە، تاڵیبان دەستیکردووە بە بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ئەفغانستان، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دوایین قۆناغی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کە بڕیارە بە گەیشتن بە 31ی ئاب کۆتایی پێبێت.

رۆژی یەکشەممەش ئەردۆغان وتی: رووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی پەنابەرانی ئەفغانستان دەبینەوە لەڕێی سنوورەکانی ئێرانەوە و دۆخەکە خراپتر دەبێت.

تورکیا نزیکەی شەش ملیۆن پەنابەری لەخۆگرتووە کە زۆربەیان خەڵکی سوریا و عێراقن، پێشتریش هەر لەم مانگەدا فەخرەدین ئالتۆن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە حکومەتەکەی ئەردۆغان وتی: تورکیا نابێتە ژووری چاوەڕوانی بۆ پەنابەرە ئەفغانییەکان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا