پەیامێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتییەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە ساڵیادی كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكاندا، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی رایدەگەیەنێت، پرسی كۆمەڵكوژییەكانی خەڵكی شەنگال هەر لە ئاستی خۆی‌ و فەرامۆشكردندا ماوەتەوە و لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەكی جددی، رێژەیەكی زۆر لە كوڕان‌و كچانی ئێزدی بە ناچاریی زێدی خۆیان بەجێهێشتووە و پەراگەندەی وڵاتانی جیهان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانی‌ و ماددییەكانی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە.

بەبۆنەی ساڵیادی داگیركردنی شەنگال و كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: لە (3)ی ئابی ساڵی (2014) و رۆژانی دواتر، رێكخراوی تیرۆرستی داعش، بەشێوەیەكی دڕندانە، پەلاماری كۆمەڵانی خەڵكی شەنگالیاندا و تاوانی گەورەی جینۆسایدیان دژی كۆمەڵگەی دێرین و رەسەنی كوردانی ئێزدی ئەنجامدا.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە: بە درێژایی مێژوو كوردانی ئێزدی بەهۆی بنەچەی ئاینیی ‌و نەتەوەییانەوە، دەیانجار روبەڕووی فەرمانی پاكتاو و جینۆساید و دەربەدەری بوونەتەوە، لەپشت هەریەك لەو تاوان و فەرمانانەوە، عەقڵیەتێكی دواكەوتووی ڕەگەزپەرستانە هەبووە، بەڵام كۆمەڵگەی ژیاندۆستی ئێزدی بە خۆراگری و ئیرادەی بەهێزەوە، وەك خەڵكێكی رەسەن توانیویانە سەربەرزانە بمێننەوە. بۆ ئێستاش پێویستییەكی كوردستانی و عێراقی و ئینسانییە كار و كۆششیان بۆ بكرێ تا بەسەر ئاسەواری دوا تاوانی دژیان سەربكەون و ژیان و بوژاندنەوە و ئاوەدانی دەڤەرەكەیان ببێتە ئەجیندای پەرۆشی داهاتووی هەموو هێزە سیاسییەكان.

ئەوەشخراوەتە ڕوو، لە كاتێكدا یادی جینۆسایدی ئێزدییەكان دەكەینەوە، پرسی كۆمەڵكوژییەكانی خەڵكی شەنگال هەر لە ئاستی خۆی‌و فەرامۆشكردندا ماوەتەوەو لەسایەی نەبوونی ئاوڕدانەوەیەكی جددی، رێژەیەكی زۆر لە كوڕان‌و كچانی ئێزدی بە ناچاریی زێدی خۆیان بەجێهێشتووەو پەراگەندەی وڵاتانی جیهان بوون، ئەوە سەرباری ئەوەی تائێستاش قەرەبووی زیانە گیانی‌و ماددییەكانی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە، ئەگەرچی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەستپێشخەریی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرۆژە یاسای (قەرەبووكردنەوەی ژنانی رزگاربووی دەستی داعش)ی پێشكەشكرد و ئەمساڵ لە رۆژی (8)ی مارس پەسەندكرا، بەڵام هێشتاش حكومەتی عیراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی نەناوە بۆ جێبەجێكردنی بەندەكانی ئەو یاسایە، لە هەمانكاتدا پەرلەمانی چەند وڵاتێكی ئەوروپا ئەو تاوانەیان وەك جینۆساید ناساندووە، هەموو ئەوانەش پێكەوە دەكرێت بخرێنە خزمەت ژیان‌و پاراستنی ئێزدییەكان لەداهاتوودا.

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر كراوەتەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەك هەمیشە كوردانی ئێزدی بە پارچەیەكی دانەبڕاو و سەرەكی ‌و رەسەنی پێكهاتەی كوردستان‌ و بزووتنەوەی رزگاری كوردستانی دادەنێ‌ و بۆ هەمیشەش پشتیوانی مافەكانیان دەكات و جەخت لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو یاساو ڕێسا و بەڵێنانە دەكاتەوە كە بۆ قەرەبوكردنەوەی كوردانی ئێزدی دراون و دەرچوون .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا