پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كەمێك پێش ئێستا داعش هێرشی كردە سەر كەمپی هۆڵ و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان لەو هێرشەدا منداڵێك كوژراوە و شەش كەسی تری خێزانە داعشەكانی ناو كەمپەكە برینداربوون.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، داعش هێرشی كردە سەر كەمپی هۆڵ لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان.
روانگەی سوری ئەوەی خستەڕوو، دوای هەوڵی چەكدارانی داعش بۆ رفاندنی دوو لە پاسەوانانی كەمپەكە، رووبەڕووبوونەوە لە نێوانیان روویدا و لە ئەنجامدا منداڵێك كوژرا و شەش كەسی دیكەش لە ئەندامانی خێزانە داعشەكان برینداربوون.
باسی لەوەشكرد، ژمارەیەك ئەندامی خێزانەكانی داعش لەناو كەمپی هۆڵ هەوڵیاندا دوو پاسەوانی بەشی كۆچبەران بەدیل بگرن، بەڵام لەلایەن پاسەوانانەوە تەقەیان لێكرا و لە ئەنجامدا منداڵێكی 10 ساڵان كوژرا و شەش كەسی دیكەش لە خێزانە داعشەكانی ناو كەمپەكە بریندار بوون، كە وەك جەختی كردەوە، برینی ژمارەیەكیان سەختە.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە 20ی مانگی رابردوو داعش لە رێگەی دوو تەقینەوە هێرشی سەر گرتووخانەی غوێرانیان لە پارێزگای حەسەكە كرد و ماوەی چەند رۆژێك شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی رۆژئاوا و چەكدارانی داعش لەناو ئەو گرتووخانەیە و دەوروبەری بەردەوام بوو.