كۆرۆنا بەرێژەی ٪١٠ هەژاری و گەندەڵی لە عێراقدا زیادكردووە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ سەختییەكانی دابینكردنی بژێوی ژیانی عێراقییەكانی قوڵتركردووەتەوە بەتایبەت لەدوای ئەوەی كە بووە هۆی زیادكردنی هەژاری و گەندەڵی بە رێژەی ٪١٠.

لەگەڵ بوونی سێ ملیۆن كەس لە وڵاتەكەدا كە ناتوانن بەشی تێربوون خۆراك بكڕن.

جێنین پلاسخار نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش رایگەیاند، ئەگەری هەیە ئەو عێراقەی بە سامانی نەوتی دەوڵەمەندە، بەرهەمی ناوخۆییەكانی بە ڕێژەی ٪٩،٧ كەمبكات، ئەوەش بەشێوەیەكی سەرەكی هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای دروستبوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بەجۆرێك بووەتە هۆی دابەزاندنی داهاتی نەوت بۆ نیوەی ئاستی جارانی.

پێشتریش ئەمریكا رایگەیاندبوو، بڕی ٢٠٤ ملیۆن دۆلار هاوكاری مرۆییان پێشكەشی عێراقییەكان و پەناهەندەكانی ناو عێراق كردووە، بەوەش بڕی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ وڵاتەكە لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بۆ زیاتر لە ٧٠٦ ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

پلاسخار ئاماژەی بەوەشكرد، قەیرانی كۆرۆنا بووەهۆی لەدەستدانی كارو پیشەو دابەزینی ئاستی گەشەسەندنی ئابووری بەرهەمە نا نەوتییەكان، ئەمەش پێویستی بە بیركردنەوە لە جۆربەجۆركردنی لایەنی ئابوری وڵاتەكە قوڵتر دەكاتەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، گەندەڵی هێشتا لە تەشەنەسەندندایە و تێچووە ئابوورییەكەی پێناسە ناكرێت، بەجۆرێك دزینی ئەو بەرهەمانەی رۆژانە عێراق پێویستی پێیەتی بەردەوامە و ئەمەش متمانەی وەبەرهێنەران كەمدەكاتەوە.

لەلایەكی دیكەوە لەراپۆرتێكی میدیا عێراقییەكاندا هاتووە، پلاسخار ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەوە ئاگاداركردووەتەوە، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆی پەكخستنی خوێندنی زیاتر لە ١١ ملیۆن قوتابی و خوێندكاری قوتابخانە و زانكۆكانی سەرتاسەری عێراق.

لە كۆتایی قسەكانیشیدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستە چاكسازی بەمەبەستی بەدیهێنانی داهاتوویەكی روون بۆ عێراقییەكان بكرێت، بەڵام سەركردە سیاسییەكان هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێكیان نەبووە و بەرژەوەندی عێراق و پاراستنی هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان نەخستووەتە پێشەنگی كارەكانیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا