ئایا دوای ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاکسینی شێرپەنجە دروستدەکرێت؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

من فایزەرم وەرگرتووە، ئەی تۆ؟

ئەم پرسیارە لەژیانی نائاسایی رۆژانەمان بووەتە دیالۆگێکی ئاسایی، لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆتاییەکانی ساڵی 2019، جیهانەکەمان بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕانکاری بەسەرداهات، دواتر لەگەڵ دەستپێکی کێبڕکێی ڤاکسینەکان کە تائێستا ژمارەیەکیان لێبەرهەمهێنراوە، وای لێهات هەمووان بە ناوی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشنا بوون.

کۆمپانیای بایۆنتیک بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر و کۆمپانیای مۆدێرنا لەڕووی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆناوە زۆرترین ناوبانگیان بەدەستهێنا، لەدوای ئەوەی لەڕێی تەکنیکی mRNA پەرەیاندا بە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، بەشێوەیەک پێشتر ئەم تەکنیکە لەکێڵگەی ڤاکسینەکان بەکارنەهێنرابوو، ڤاکسینی بایۆنتیک، یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا بوو کە لەلایەن ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرا.

سەرکەوتنی ئەو ڤاکسینانەی لەڕێی تەکنیکی mRNA پەرەیان پێدرا، کە لەئێستادا سەدان ملیۆن دانیشتووی جیهان ئەم ڤاکسینەیان وەرگرتووە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەڕێژەیەکی باڵا سەلامەتی و کارایی ئەم ڤاکسینانە سەلمێنراوە، بازدانێک بوو لەزانستی ڤاکسینەکاندا، بەڵام ئایا ئەمە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی ئەم تەکنیکە لەچارەسەری نەخۆشییەکانی دیکەش بەکاربهێنرێت!

لەئێستادا کۆمپانیاکانی بایۆنتیک و مۆدێرنا ژمارەیەک ڤاکسینی کاندیدکراویان هەیە بۆ چارەسەری جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە و لەنێویشیاندا شێرپەنجەی پێست و شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان و چەند جۆرێکی دیکەی شێرپەنجە

پێشتر لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، کاتالین کاریکۆ دەستی بەتوێژینەوەکانی کرد لەهەنگاریا، بەڵام ئاستەنگی بەردەوامی بەردەم توێژینەوەکانی ناچاریان کرد بچێتە ئەمریکا بەمەبەستی کارکردن لەزانکۆی تێمپڵ لەویلایەتی پەنسلڤەینیا، ساڵانێکی زۆر کاتالین کاری کرد تا بیسەلمێنێت، دەکرێت mRNA بۆ مەبەستی چارەسەرکردن بەکاربهێنرێت.

ساڵی 1997 کاتالین بەهاوکاری دریو وایسمان، زانای بواری فیزیا هەوڵیدا ئەم تاقیکردنەوەیە لەسەر مشک ئەنجامبدات، بەڵام ئەنجامی بەکارهێنانی mRNA نائومێدکەر بوو و بووەهۆی ئەوەی سیستمی بەرگری مشکەکە وەڵامدانەوەی توندی هەبێت بۆ ڤاکسینەکە، ئەمەش بەو مانایە هات کە ناشێت لەسەر مرۆڤ تاقیبکرێتەوە، بەڵام هێشتا ئەو دوو زانایە بەردەوام بوون لەهەوڵە زانستییەکانیان.

ساڵی 2015 خاڵی وەرچەرخان بوو، کاتێک هەندێک گۆڕانکاری کیمیایی لە mRNAدا کرا و کاتالین و دریو سەرکەوتنیان هێنا لەوەی تەکنیکی mRNA بۆ مەبەستی چارەسەر بەکاربهێنن بەبێ ئەوەی هیچ هێرشێكی بەرگری بکرێتەسەر خانەکان.

ساڵی 2020 هەلی سەرکەوتن هاتەبەردەم تەکنیکی بەکارهێنانی mRNA و هەریەکە لەکۆمپانیاکانی بایۆنتیک و مۆدێرنا پشتیان بەم تەکنیکە بەست بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینەکانیان، لەئێستاشدا کاتالین کاریکۆ جێگری سەرۆکی کۆمپانیای بایۆنتیکە و توێژینەوەکانی ئەوە لەپشت پەرەپێدانی ڤاکسینەکانی بایۆنتیک و مۆدێرنا.

ڤاکسینی کۆرۆنا تەنیا سەرەتایەکە

پێش سەردەمی کۆرۆنا، توێژەران هەوڵیاندەدا mRNA بۆ مەبەستی چارەسەر بەکاربهێنن بەتایبەتی لەنەخۆشییەکانی شێرپەنجە، لەڕاستیدا کارکردن لەسەر ڤاکسینێک دژی شێرپەنجە لەو کاتەدا لەپاڵ ڤاکسینی نەخۆشییەکانی وەک ئایدز و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی دیکە، کاری لەپێشینەی ئەو کۆمپانیایانە بوو.

یەکێک لەو ڤاکسینانەی کۆمپانیای بایۆنتیک کاری لەسەر دەکرد، ڤاکسینی میلانوما بوو کە دژبە شێرپەنجەی پێست بوو، ئەم ڤاکسینە لەساڵی 2019 و ماوەیەک بەر لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، چووە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان.

ئامانج لەبەکارهێنانی mRNA بۆ چارەسەر وەڵامەکەی سادەیە، ئەویش مامەڵەکردنە لەگەڵ خانەکان بەو زمانەی تێیدەگەن، شانەکان دەتوانن لەڕێی رایبۆسۆمەکانەوە ئەو mRNAیە بگۆڕن بۆ پڕۆتینی دیاریکراو، ئامانج لەبەکارهێنانی ئەم تەکنیکە بۆ چارەسەری شێرپەنجەش، ئەوەیە سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ فێربکرێت ئەو پڕۆتینانە بناسێتەوە کە تایبەتن بە خانە شێرپەنجەییەکان و کۆتاییان پێبهێنێت.

کەواتە نزیکبووینەتەوە لەڤاکسینی شێرپەنجە؟

نەخۆشی شێرپەنجە کە یەکێکە لەبەربڵاوترین نەخۆشییەکان لەجیهانی ئێستاماندا و تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی راستەقینەی بۆ نەدۆزراوەتەوە، شێرپەنجە تەنیا یەک نەخۆشی نییە، بەڵکو ژمارەیەکی هەمەجۆر لەنەخۆشییە کە خاسیەتی هاوبەشیان هەیە، تەنانەت هەمان جۆر لەشێرپەنجە رەنگە لەدوو کەسی جیاوازدا بەدوو شێوەی جیاواز دەربکەوێت.

هەردوو کۆمپانیای بایۆنتیک و مۆدێرنا ژمارەیەک ڤاکسینی کاندیدکراویان هەیە بۆ چارەسەری جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە و لەنێویشیاندا شێرپەنجەی پێست و شێرپەنجەی مەمک و شێرپەنجەی هێلکەدان و چەند جۆرێکی دیکەی شێرپەنجە.

هاوکات چەند کۆمپانیایەکی دیکە لەهەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشی شێرپەنجە، بەنمونە کۆمپانیای ڤاکسیتێک، کە خاوەنی ڤاکسینی ئۆکسفۆرد/ئەسترازێنیکایە و لەلایەن سارا گیڵبرت و ئەدریان هێڵ دامەزراوە، ساڵانێکی دووردرێژە کاردەکات بۆ دۆزینەوەی تەکنیکێک بۆ چارەسەری شێرپەنجە.

بەپێی قسەی بیڵ ئینرایت، سەرۆکی کۆمپانیاکە، تەکنیکی هەڵگری ڤایرۆسی کە لەڤاکسینی ئۆکسفۆرد/ئەسترازێنیکاشدا بەکارهێنراوە، لەتەکنیکی mRNA باشتر دەتوانێت چارەسەر بۆ شێرپەنجە بدۆزێتەوە و لەئێستاشدا ئەو کۆمپانیایە کار دەکات بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەک لەو ڤاکسینانەی دژ بە شێرپەنجەی سنگ و پڕۆستات و رەنگە بەمزووانە ئەنجامی سەرەتایی تاقیکردنەوەی ئەم ڤاکسینانە ببینین.

هەتا ئەم رۆژەی تیایداین، چارەسەری کارا بۆ جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی شێرپەنجە نەدۆزراوەتەوە، بەڵام وادەردەکەوێت تەکنیکی بەکارهێنانی mRNA، ئامرازێکی بەهێز و کارا بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لەداهاتوودا، تاقیکردنەوەی ئەم تەکنیکە لەلایەن کۆمپانیای بایۆنتیک و مۆدێرنا بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا، دەرگایەکە بۆ ئەوەی هیوامان هەبێت و سەرکەوتنی زیاتر ببینین و گەشبین بین بەرامبەر دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.

ئەم بابەتە لەلایەن نەدا محەمەد، توێژەر لەزانستی زیندەزانی لەزانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا نوسراوە و لەماڵپەڕی دەرەج بڵاوکراوەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا