پۆڵەتیک پرێس
سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەو ڤاکسینەی کە وڵاتەکەی لە سەرەتای مانگی ئابدا بڕیاری بەکارهێنانیدا، ڤاکسینێکی چالاک و بێ مەترسییە.
میدیاکانی روسیا بڵاویانکردەوە، ڤلادیمێر پوتین دڵنیایی داوە لەبارەی ئەوەی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا رەزامەندی حکومەتی بەدەستهێناوە بەجۆرێک کە لەگەڵ یاساکانی روسیادا یەکبگرێتەوە و لەگەڵ تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانیشدا بگونجێت.
ئەو قسانەی پوتین لەکاتێکدایە، زۆرێک لە زانایانی جیهان نیگەرانن لەبارەی ئەو تاقیکردنەوە خێرایەی روسیا و رێگری کردنی وڵاتەکە لە بڵاوبوونەوەی هەر زانیارییەک کە چالاکی و کاریگەری ڤاکسینەکە لەسەر توشبوو دەربخات، دەشڵێن: “ئەوە بەزاندنێکی گەورەی پرۆتۆکۆلە زانستییەکانە.”
هاوکات، پوتین لە وەڵامی ئەو نیگەرانییانەدا دەڵێت: “بەپێی ئەو شارەزایەتییەی لە ئەمڕۆدا هەمانە، ئەو ڤاکسینە بەرگری هەمیشەیی دروست دەکات و هیچ مەترسییەکی نییە.”
لەماوەی رابردوودا، کۆمپانیای کانسینۆ بایۆلۆجی چینی، زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی و کۆمپانیای ئەسترازینکا لە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنادا بوون، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو هەوڵانە، زانایانی روسیا هیچ زانیارییەکیان لەسەر تاقیکردنەوەی پێشوەختەی ڤاکسینەکە لەسەر ئاژەڵان یاخود توێژینەوەی مرۆیی پێشوەختە بڵاونەکردەوە.