پۆڵەتیک پرێس – نیگارعومەر
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نزیکەی 60 گوند لە سنوری ئیدارەی گهرمیان هیچ سهرچاوهیهكی ئاویان نیه، بەهۆی وشکەساڵیشەوە توشی بێئاوی زیاتربونەتەوەو بهڕێوبهری ئاوی دهوروبهری گهرمیانیش ئاماژە بەوەدەكات،لەداهاتودا بەشێكی زۆری گوندەكانی گەرمیان رووبەڕوی كێشەی بێئاوی دەبنەوە.
نهوزاد حهمید، بهڕێوبهری بهڕێوبهرایهتی ئاوی دهوروبهری گهرمیان بەپۆڵەتیک پرێس- ی ڕاگەیاند، ئهو گوندانهی كه پشتیان بەسەرچاوەی ئاوی بیری نیمچە قوڵ یان بیری ئاسایی وکانیاوەكان بەستووە ژمارەیان 60 گوندە و دەكەونە سنوری ناحییەكانی “شێخ تهویل، ئاوهسپی، نهوجول و قۆرهتوو” لەئێستادا هیچ سهرچاوهیهكی ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییان نیە و بەهۆی وشکەساڵیشەوە، سەرچاوەی ئاوی ئەو گوندانە وشکی کردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا لەڕێگەی تەنكەرەوە ئاو بۆ ئەو گوندانە دابین دەكەن و ئەوەش پێویستی بە بودجەیەكی تایبەت هەیە و ئەوەش وادەكات ناتوانرێت وەک پێویست ئاو بۆ ئەو گوندانە دابین بکرێت.
پێشتر فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانبڵاویكردەوەن بە بڕیاری ژمارە (100) ی ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی 21-04-2021، کە تایبەت بووە بە بابەتی وشکەساڵی لە ھەرێمی کوردستان،بڕیار دراوە بڕی دوو ملیارو 500 ملیۆن دینار، بۆ چارەسەری کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان وەکو ھەنگاوی یەکەم لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان خەرجبكرێت.
هاوكات، عەباس ئەنوەر، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەو بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وشكەساڵی بڕیاری خەرجكردنی لەسەرداوە پشكی ئیدارەی گەرمیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوەی گوندەكان خەرجدەكرێت.