پۆڵەتیك پرێس
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە دەڵێت، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان هەوڵدەدەن بە رێگای لێدانی بیری بە كۆمەڵ بۆ ئەو گوندانەی سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوە و ئاودێرییان وشكی كردووە رووبەڕووی وشكە ساڵی ببنەوە، لەو شوێنانەشی ئاوی كانی و كارێزەكانی كەمی كردووە ئەستێڵ دروست دەكەن.
ستار مەحمود ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە ئێستادا كاریگەری وشكە ساڵی لەسەر كانی و كارێزەكان دەركەوتووە كە بەشێكی زۆریان یان وشكیان كردووە یان ئاوەكەی زۆر كەمی كردوە و بەشی ئاودێری باخ و كشتوكاڵی جووتیاران ناكات.
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە وتی: لەچەند بوارێكدا هەوڵمانداوە هاوكاری خاوەن باخەكان بكەین وەك پێدانی مۆڵەت بۆ لێدانی بیری بە كۆمەڵ بۆ ئەو گوندانەی كە سەرچاوەی ئاوەكانیان بە تەواوی وشكی كردووە، لەگەڵ دروستكردنی ئەستێڵ بۆ ئەو كانی و كارێزانەی بڕی ئاوەكانیان كەمی كردووە بۆئەوەی كۆبكرێتەوە و بتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت.
باسی لەوەشكرد، وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی پارێزگاكان لیژنەی پێكهێناوە بۆئەوەی كارئاسانی بكرێت بۆ جووتیاران لە پێناو كەمكردنەوەی زیانەكانی وشكە ساڵی.
روونیشیكردەوە، ئێمە پشتگیری لێدانی بیر ناكەین بە شێوەیەكی زۆر بەڵكو دەمانەوێت بەشێوەیەكی دیاریكراوو پێویست بیر لێبدرێت، وە ئەو لیژنانە پێكهێنراون زیاتر بۆ ئەوەیە رەزامەندی بدرێت بۆ بیری بەكۆمەڵ بۆ ئەو گوندانەی كە هیچ سەرچاوەیەكی ئاوی خواردنەوە و ئاوی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییان نەماوە.
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین كەمتربووە لە چاو ئاستی بارانبارین لە ساڵی رابردوو، ئەو بەرهەمی كشتوكاڵ كە زیانەكانی وشكە ساڵی بە تەواوەتی لەسەری دەركەوت، بەرهەمی دانەوێڵەبوو بەهۆی ئەوەی بارانی پێویست لەكاتی خۆیدا نەباری بووەهۆی ئەوەكە بەشی زۆری كێڵگەكانی گەنم بەرهەمەكانیان سودی لێنەبینرێت و بە كەڵكی ئەوە نەیەت جووتیاران رادەستی سایلۆی بكەن.