وەزارەتی كشتوكاڵ پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی دادەنێت

پۆڵەتیك پرێس

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم دەڵێت، رۆژی دووشەممە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی وشكە ساڵی كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات تیایدا پلانی وەزارەت و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بەهۆی وشكە ساڵییەوە روودەدەن گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت و پلانی وەزارەت لەسەر ئەو بابەتە دادەنرێت.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: وشكە ساڵی ئەمساڵ لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت واتە گشتگیرنییە، ئەو ناوچانەی بارانی كەمی لێباریوە ناوچەی گەرمیان و خوارووی پارێزگای هەولێرە، بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵی پارێزگاكان كرد پێشنیار و راسپاردەی خۆیان ئامادەبكەن بۆ كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە، تا ئێمەش بیكەین بە راپۆرت و گرنگترین خاڵەكان دیاری بكەین بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەو كێشانەی بەهۆی وشكەساڵییەوە دروست دەبن.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ وتی: وشكە ساڵی كاریگەری زۆردەكاتە سەر رێژەی ئاوی ژێر زەوی و كەمی بەرهەمی جووتیاران و جۆری بەرهەمەكەیان و كێشەی كەمی پاوان و ئالیك دروست دەبێت، بۆیە ئێمەش پلانی خۆمان دیاری دەكەین بۆئەوەی بزانین چەند بودجەمان بۆ تەرخان دەكرێت بۆئەوەی بتوانین بە ئەركی خۆمان هەستین.

بەهۆی كەمی رێژەی بارانبارین و دروستبوونی وشكە ساڵی لە ناوچەكەیان، لە ئێستادا خاوەن ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەكانی سنوری گەرمیان بە مەبەستی رزگاركردنی ئاژەڵەكانیان لە مەترسی نەبوونی ئالیك كۆچ دەكەن بەرەو ناوچەی شارەزوور و ئەو ناوچانەی دیكە كە رێژەی بارانبارینی زیاتر بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا