یاریزانی تۆپی پێ دروستدەکرێت یان لەدایک دەبێت؟

نوسینی ؛ سارەوان عەبدوڵا
ئەم پرسیارە زۆر دەکرێ، ئایا بەهرەی تۆپی پێ هەر زکماکییە یان بە ڕاهێنان دروست دەکرێت، توێژینەوەی زۆر لەم بوارەدا کراوە، زاناکان بەردەوام کێشەیانە لەسەر ئەوەی یاریزان دروسدەکرێت یان لەدایک دەبێت، هەندێکیان دەڵێن یاریزان هەر بە یاریزانی لەدایک دەبێت، هەندێکی تر دەڵێن نەخێر بە ڕاهێنان دروست دەکرێت و ناکرێ بەبێ ڕاهێنانی چڕ یاریزانێکی نمونەیی دروستببێت، هەندێکیش ئەڵێن هەردووکی ڕاستە.
پێویستە ڕاهێنەرانی تۆپی پێ لەوە تێبگەن کە زۆر هۆکار هەن کەوا ئەکەن یاریزانێک لە یاریزانێکی تر سەرکەوتووتربێت، بەشێک لەو هۆکارانە بریتین لە:
1ـ هۆکاری بۆماوەیی.
2ـ کواڵیتی و ئەزموونی ڕاهێنەر لە قوناغەکانی پێگەشتنی یاریزان .
3ـ تێگەشتنی زانستی لای یاریزان.
4ـ ڕۆشنبیری خێزانی و کۆمەڵایەتی و ژینگەی یاریزان و لایەنی دەروونی.
5ـ بوون و نەبوونی پێداویستی و ئامێری ڕاهێنان.
6ـ سیستەمی خەو و خۆراکی یاریزان.
7ـ توانای یاریزان بۆ گونجانی ئەو هۆکارانە پێکەوە.
بەگوێرەی بەشێک لە تیۆرییەکان، مەسەلەی بۆماوە و بۆهێڵەکان(جینەکان) 20% و بگرە زیاتریش بەرپرسە لە ئەدای یاریزان لە یاریگادا و لە پێگەشتنی یاریزاندا،
بۆ نمونە: کینییەکان زۆر سەرکەوتوون لەڕاکردنی ماوە درێژدا، لە زۆر پاڵەوانییەتی جیهانیدا پلەی بەرز بەدەست دەهێنن.
لە کاتێکدا تێبینی ئەوە دەکەین کە یاری تۆپی پێ یەکەم یارییە لای گەلی کینیا، زۆر حەزیان بە تۆپی پێیە، حکومەتیش پارەی زۆر باش خەرجدەکات بۆ،هەڵبژاردەی کینیا، بەڵام ئەبینین ئەنجامێکی وایان نییە و لە پلە دوورەکاندان لە ڕیزبەندی هەڵبژاردەکانی تۆپی پێ .
ئەمە بەڵگەیەکی تەواوە لەسەر ئەوەی هەرچەندە پشتگیری مادی و کۆمەڵکەش هەبێ بۆ دروستبوونی یاریزان، بەڵام یاریزان دروست نابێ و هۆکاری بۆماوەیی زاڵە بەسەر هۆکارە کۆمەڵایەتییەکاندا ، لە هەدنێ وڵاتی ئەفریقا وەکو سەنیگال و غانا و کۆتدیڤوار و کامیرۆن، سەرەڕای ژینگەی نەگونجاو و هەژاری بەڵام یاریزانی زۆر باش دروست دەبن.
زۆربەی زاناکان لەو بڕوایەدان هۆکاری بۆماوەیی هۆکارێکی سەرەکییە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دروستبوونی یاریزاندا، ئەمە تەنانەت لە ناو خێزانەکانیشدا بوونی هەیە، واتە ئەشێ لە خێزانێکا چەند مناڵێکیان یاریزانی باش دەربچن، بەڵام خێزانێکی تر مناڵێکیان هەبێ هەموو پێداویستیەکی بۆ دابین بکەن و حەز بکەن ببێ بە یاریزان بەڵام نابێت، بۆچی؟ چونکە بۆماوە ڕێگەی پێنادات .
بۆ نمونە خێزانی مێندیەکانی سەنیگال کە زۆربەیان یاریزانی پیشەگەر یان ناوخۆیین ، یان حسام حسن و ابراهیم حسن کە دوو برابوون لە هەڵبژاردەی میسر، دیگۆ میلیتۆ و گابرێل میلیتۆ لە ئەرژەنتین، دێگۆ الکانتارا و ڕافینا الکانتارا، یایا تۆرێ و کۆلێ تۆرێ، فرانک دیبۆر و ڕۆناڵد دیبۆر .
جگە لەوەی بەشێک لە یاریزانە پیشەگەرەکان باوک یان باپیریان یاریزان بوون، بەشێکیشیان تەنانەت خوشکەکانیان یاریزانە .
لە کوردستانیش لەو نمونانە هەن ، بۆ وێنە ڕابەر جلال و دانەر جلال دوو بران کە هەردوکیان یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانین، بینەر جەلال برایانە و یاریزانی چەمچەماڵە، ڕامیار جەلال برایانە و یاریزانی ڕزگاری بوو لە خولی پلە یەکەکانی ئەم وەرزە، باوکیشان لە کۆتایی هەشتاکا یاریزانی فیرقە شەعبی بووە .
هەرچەندە کەس ناتوانێ پێشبینی وەرزشی بکات بۆ دروستبوونی یاریزان و ئەشێ گەنجێک یاریزانێکی باشی لێ دەربچێت بێ ئەوەی لە خێزانەکەیدا یاریزانی تر هەبن، بەڵام ڕەنگە ئەندامانی تری خێزانەکەی بۆیان نەگونجابێ چونکە ژینگەش کاریگەرە .
قسەکانمان لەم چەند خاڵەدا پوخت دەکەینەوە:
1ـ تۆیژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بۆماوە ڕۆڵ و کاریگەری سەرەکی هەیە لە دروستکردنی یاریزاندا، بۆ هەندێ سیمای عەقڵی و جەسەدی و وەرزشی.
2- بەڵام بۆماوە بەتەنها بەس نییە، پێویستە ڕاهێنان و سیستەمی خەو و خواردنی باش و ژینگەی گونجاویش هەبێت.
3- بۆماوە بەشداری توانا جەسەدییەکانیش دەکات وەکو خێرایی و هێز و بەرگەگرتن.
4- پەیوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوان تایبەتمەندییە جەسەدییەکانی یاریزان و کاریگەری ڕاهێنان لەسەری ، هەروەها ئەو ژینگەیەی یاریزانی تێدا دەژی دیسان کاریگەری هەیە لەسەر مەهارە و سیفەتە جەسەدییەکان.
5- یاریزان ناتوانێ بگاتە ئاستی بەرز بەبێ ماندووبوون و ڕاهێنانی زۆر بۆ ماوەی چەندین ساڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا