هۆكاری نەنادنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە

پۆڵەتیك پرێس

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەناردنی لیژنەیەكی هونەری بۆ بەغدا چارەسەر دەبێ، ئەندامێكی دیكەی لیژنەكەش پێی وایە كێشەكە پەیوەندی بە بەغدا خۆیەوە هەیە نەك هەرێم.

بەپێی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند لە بەرانبەر ناردنی شایستە داراییەكانیدا، هەرێم پابەند كراوە بە رادەستكردنی داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی، بەڵام تائێستا لە بودجەی گشتی 2021ی عێراق هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێم نەنێردراوە

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیاكانی نزیك لە حزبەكەی ئاشكرا كردووە، جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە نییە، چونكە بابەتێكی هونەرییە و دەبوو لیژنەیەكی هاوئاهەنگی دروست بكەن، پرسەكە كەمی نەوت و نەناردنی نییە، بەڵكو بابەتەكە ژمێرەییە، دەبێت هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەیە دیاری بكات كە دەبێت رادەستی بەغدای بكات، دواتریش بەغدا پابەند دەبێت كە بەشە بودجەكەی بنێرێت.

هاوكات شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: “ناردنی بەشەپشكی هەرێم پەیوەندی بە رۆیشتنی لیژنە هونەریەكەوە نییە، چونكە حكومەتی هەرێم لەرابردوودا نوسراوی بۆ بەغداكردووە كە پابەندی ئەو رێككەوتنەدەبێت كە لەبارەی پرسی بودجە لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی “پێدەچێت كێشەكە لە بغدا خۆیەوە بێت نەك هەرێم، چاوەڕوانیشدەكرێت رۆیشتنی لیژنە هونەریەكە و ناردنی یەكەم بەشە پشكی هەرێم بكەوێتە دوای كۆتایی هاتنی پشووەكانی جەژن”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا