ئەبوبەكر عەلی: دۆخی عێراق لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردایە (بەشی یەكەم)

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەم چاوپێكەوتنەی پۆڵەتیك پرێس نووسەر و سیاسەتمەدار ئەبوبەكر عەلی تیشك دەخاتە سەر دۆخی عێراق بە تایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم و ئەگەر و پێشهاتەكان دەخاتە ڕوو.

_ پۆڵەتیك پرێس: لە دوای هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم دەبینین ئاڵۆزییەكان لە عێراق زیاتر بوون، تا گەشتە ئەوەی هێرش بكرێتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی خودی سەرۆكوەزیرانی عێراق، خوێندنەوەتان بۆ دۆخی عێراق بە تایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی 10 ی تشرینی یەكەم چییە؟

+ ئەبوبەكر عەلی: ئەوەی ئێستا دەیبینین رووخانی عێراقی نوێیە كە گوایە لەدوای 2003 و رووخانی رژێمی پێشووەوە دەستی پێكردووە، دووبارە بیناكردنەوەی عێراقێكە لەسەر پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نوێ‌ كە مانا بۆ دەوڵەت و یاسا و دام و دەزگاكان بگەڕێتەوە و چوارچێوەیەكی هاوبەشی ژیانكردن لە عێراقدا بێتە كایەوە كە جیاوازبێت لەوەی رابردوو، كۆمەڵێك پرس لێرەدا تێكەڵاودەبن، پرسی شەقامی ناڕازی پرسی پارتە سیاسییە گەندەڵەكان پرسی دەستتێوەردانی دەرەكی وە پرسی ئەو كەسانەی لە عێراقدا دەیانەوێت دۆخێكی نوێ‌ بێتەكایەوە و دووبارە دەوڵەتی عێراق بینابكەنەوە، ئەوەی دەگوزەرێ‌ لە عێراقدا ململانێیە لەنێوان دەوڵەت و نا دەوڵەت، خەڵكانێك دەیانەوێت بینای دەوڵەتی عێراقی بكەنەوە نەك بە مانا مەدەنییە ئەخلاقییە فەلسەفییەكەی بەڵكو بەو مانایەی دەسەڵاتێكی ناوەندی لە عێراقدا دروست ببێت و هەیبەت بۆ دەوڵەتی عێراقی بگەڕێتەوە و چەك لە دەرەوەی دەوڵەت نەبێت دەوڵەت مۆنۆپۆلی بەكارهێنانی زەبر و زەنگ بكات و میلیشاكان هەڵبوەشێنەوە و عێراقێكی بەهێز دروست ببێتەوە كە بتوانێت سەروەری ناوخۆیی و دەرەكی بپارێزێت، لە پاڵ ئەوەدا هێزێك هەیە كە زیاتر لە حەشدی شەعبیدا بەرجەستە دەبێت لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانەی كە لەسەروو دەوڵەتەوە بیردەكەنەوە و خۆیان بەنوێنەری ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و ململانێیەكی ناوچەیی گەورەتر لە عێراق دەزانن، ئەم دوو ململانێییە تێكەڵبووە لە دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ئەم بەرەیەی كە دەیانەوێت عێراق تەنها ئامرازێك بێت لە ململانێكەدا نەك عێراق هەموو شتێك بێت یان سەقفی بیركردنەوەیان بێت، دۆڕاندوویانە و پێگەیان لاوازبووە، ئەمەش قبوڵناكەن كە ئیمتیاز و دەستكەوتەكانی رابردوویان لە كیس بچێت، یان نەتوانن عێراق وەكو ئەڵقەیەك لە ئەڵقە گرنگەكانی رووبەڕووبوونەوە و ئیدارەدانی ململانێ گەورە ناوچەیی و شارستانی و مەزهەبییەكەی خۆیان بەكاربێنن، راكەی دیكەش كە لەگەڵ دەوڵەتە ڤێبەرییەكەی عێراقدایە دەیەوێت بە پشتیوانی هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت كە ئێمە توانیومانە لە رێگەیەكی ئاشتیخوازانەی وەكو هەڵبژاردنەوە هاتووین و دەمانەوێت گۆڕانكاری بكەین و قبوڵی دۆخی نوێ‌ بكەین، تێگەشتنم بۆ عێراق وابووە لە رابردوودا كە ئەم وڵاتە لە دۆخێكی هێجگار ناهەمواردایە، نە قابیلی ریفۆرمە، نە هەل و مەرجی شۆڕش و گۆڕانكاریشی تێدایە بۆیە رەنگە سەربكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆ، هەربۆیە دۆخەكە لەبەردەم سیناریۆی جۆراوجۆردا كراوەیە.

_ پۆڵەتیك پرێس: هەندێك پێیان وایە رەنگە دۆخی عێراق بگاتەوە بە شەڕی تائیفی، هەندێكیش پێیان وایە رەنگە شەڕی ناوخۆی شیعە_شیعەی لێبكەوێتەوە لەناو سیناریۆ جیاوازەكاندا تا چەندە ئەم دوو سیناریۆیە ئەگەری بەهێزن؟

+ ئەبوبەكر عەلی: بە بڕوای من هێزەكان، بە تایبەتی هێزەكانی لایەنگری بیناكردنەوەی دەوڵەت لە عێراقدا، هەتا ئەوپەڕی دەیانەوێت وەرەقەی شەڕ لە دەستی لایەنەكەی تر بسەننەوە، چونكە دەزانن ئەگەربێت و شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا هەڵبگیرسێت تەسلیم بە لۆژیكی ئەوان دەبن، لە ئیدارەكردنی پێویستییەكان و رەنگدانەوەی ئەو لۆژیكەشدا، رەنگە ئەوان بەهێزتربن لەبەرئەوەی كە پسپۆڕی و شارەزاییەكی ناوخۆیی و دەرەكی زۆرتریان لە بەردەستدایە، وە پرسی ئایدۆلۆژیا و مەزهەبیش دێتە كایەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا مادەم زیاتر لە 100 هێزی میلیشیایی لە عێراقدا هەیە، بەرژەوەندی جۆراجۆر و بەرژەوەندی دژ بەیەكی ناوخۆییمان هەیە، دەستتێوەردانی دەرەكیمان هەیە، وە گەندەڵیەكی زۆر هەیە، خراپ بەكارهێنانی بەرفراوانی دەسەڵات هەیە، هەموو ئەمانە وا دەكەن، كە بابەتی شەڕ و پێكدادانی ناوخۆیی و خلیسكان بەرەو ئاقارە، هەمیشە وەك ئەگەرێك بهێڵینەوە، ئەگەرچی ئەگەرەكانی لە جاران كەمتر بوونەتەوە، عەقڵی تائیفی راستە تاكو ئێستا هەرماوە، بەڵام پاشكشەی كردووە، بەبڕوای من رووداوەكانی میقدادیە و لە دوای هەڵبژاردن هەوڵێك بوو بۆئەوەی كە جارێكی تر شەقامی عێراقی بە بابەتی شەڕ و ململانێی تائیفی سەرقاڵ بكەن، بەڵام زوو كۆنترۆڵكرا، ئێستاش ئاساییە هەوڵێكی لەو جۆرە هەبێت، پێم وایە وەكو جاران گەرم نابێت لەبەرئەوەی هەلومەرجەكان گۆڕاون، ئەگەرچی ناتوانین نەفی بكەین، شەڕی ناوخۆی شیعی _ شیعی یەكێكە لە ئەگەرەكراوەكان، بەڵام مەرجەعیەتی دینی رێگرە، تا رادەیەكیش ئێران رێگرە مەگەر هیچ چارێكی نەمێنێت و دوایین هۆكاربێت پەنای بۆ بەرێت لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەكانی، دۆخەكە لە چاو جاران تا رادەیەك پتەوترە بۆئەوەی نەخزێت بەرەوشەڕی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان كاتدا هێزێك هەیە و میلیشیایەك هەیە و پێداگری و بەرژەوەندییەك هەیە كە ئامادەیە تا شەڕی ناوخۆش پێداگری لەسەر دیدگا و بەرژەوەندییەكانی خۆی بكات.

_ پۆڵەتیك پرێس: یەكێك لەو بابەتانەی كە لە چەند رۆژی داهاتوودا دێتە پێشەوە ، بابەتی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا یاخود گۆڕینی ناونیشانی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكایە، هەندێك پێیان وایە رەنگە لەدوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە عێراق هاوشێوەی ئەفغانستانی لێبێت، هەندێكیش پێیان وایە گەشە و زیادبوونی جموجوڵی هێزە میلیشیاكان بۆ ئەم بڕیارە دەگەڕێتەوە، لە كاتی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە ئەگەر هەیە چ سیناریۆیەك رووبدات و بێتە پێشەوە؟

+ ئەبوبەكر عەلی: ئێستا بابەتی كشانەوە یان نەكشانەوە یان گۆڕینی ناونیشانییان تەوەری سەرەكی ململانێكان نییە، بەڵكو تەنها رەهەندێكی ئەو ململانێیە پێكدەهێنێت، بەڵكو ئێستا شەڕكردنە لەسەر چارەنووسی عێراق و كێ خاوەنی عێراق بێت، كێ‌ موقەدەرات و توانا ئابوری و سەربازی و نێودەوڵەتییەكان و ناونیشانی عێراق بەكاربهێنێت لە ململانێكانی ناوخۆ و ناوچەكەدا، لێرەوە بابەتی مانەوە و نەمانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دەبێت بە بەشێك لەو بابەتە، كشانەوە یان نەكشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دوو رەهەندی هەیە بە دوو ئاراستەی جیاواز، لە روویەكەوە دەبێت ببێتە هۆی سەقامگیری و كەمتركردنەوەی توڕەیی هێزە ناڕازییە چەكدارەكان ئەوەی ناوی خۆیان ناوە بەرەی بەرهەڵستی ئیسلامی و خۆیان بە بەشێك لە بەرەی بەرهەڵستی ناوچە دەزانن، بەڕێبەرایەتی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەبەرئەوەی ئامانجێكیان دێتە دی كە كشانەوەی هێزە شەڕ كەرەكانی ئەمریكا بووە، ئەگەرچی دەتوانن وەكو كەرەستەیەكی پڕوپاگەندەیی بیهێڵنەوە بەوەی تەنها ناونیشانەكە گۆڕاوە و لە راستەقینەدا هێزەكان نەكشاونەتەوە، بەڵام لە روویەكی ترەوە زیاتر رژد و سوریان دەكات و رەنگە متمانەیەكی زۆرتریان پێبدات بەوەی لە نەبوونی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا و خۆرئاوا لە ناو عێراقدا، ئەگەر پێویستیان بێت لە ساتێكی دیاری كراودا ئەتوانن ململانێكە بە ئاسانتر یەكلایی بكەنەوە، لەبەرئەوەی هێزە عێراقییە ناوخۆییەكان راستەوخۆ ناتوانن هێزە بیانییەكان بكەن بە لایەنگر لەو بابەتەدا، واتە زیاد لە رەهەندێكی هەیە لەم رووەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا