بێچووە پێشمەرگەكان بەردەوامن لە مەشق كردن

پۆڵەتیك سپۆڕت

وەستانی وەرزش لە كوردستان كێشە و ئاستەنگی زۆری بۆ یانەكانی و فێرگە و تیپەكانی یانەكان دروست كردووە ئەمە سەرباری ئەوەی یاریزانان لە دۆخێكدان داهاتووی دیار نییە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیش لە نێوان سەرۆك و جێگرەكەیدا دوو كەرت بووە و ئاسۆیەكی ڕوون لە پێش دیار نییە وەرزشی ئەم ناوچەیە ئاهێكی بە بەردا بێتەوە و گالیسكەی خولەكانی تۆپی پێ‌ بكەونەوە گەڕ.

لەو سەرو بەندەدا تیپێكی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی شاری سلێمانی وەستانی نییە و لە بەرامبەر كۆڕۆناش و لە بەرامبەر دوو كەرت بوونی یەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش وەستاوەتەوە و هەر بەردەوامە لە ئامادەكاری لەم بێ‌ هیوا بوون و نائومێدییەدا ئەو تیپە بەردەوامە لە مەشق و ئامادەكاری و ڕاهێنەرەكەش هیوای هەیە هەر خۆری هیوای دەست پێكردنەوەی خولەكان هەڵبێت لە دەم كەلی وەرزشی كوردستانەوە.

سۆران ڕاهێنەری تیپی تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگە

سۆران سەلیم ڕاهێنەری تیپی تازەپێگەیشتوانی یانەی پێشمەرگە سەوزپۆشەكانی سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لەم كاتەدا خەریكی چیت بۆ واز لەو لاوانە ناهێنێت بڕۆن بە لای ژیانی خۆیانەوە و سەرقاڵی چیت كردوون؟

ڕاهێنەر سۆران بۆ پۆڵەتێك سپۆرت بەم شێوەیە دووا: (ئەو گەنجانە لە بری ئەوەی لە كافیتریا دابنیشن نێرگەلە بكێشن و سەرقاڵی بە با كردنی خەمی یاری نەكردن بن بە جگەرەیەك من دەیانبەمە یاریگاوە و بە مەشق و ڕاهێنانەوە سەرقاڵیان دەكەم و ئامادەیان دەكەم بۆ هەر كات خول و پاڵەوانێتییەكان دەست پێ‌ بكەنەوە).

سەبارەت بەوەی كە ئاخۆ یاریزانەكانی لە چ تەمەنێكدان؟

ڕاهێنەری پێشمەرگە بچكۆلەكان وتی: (تەمەنی 2002 و 2003 م ئامادە كردووە بۆ لاوانی تیپەكەمان ئێستاش تەمەنی 2004 و 2005 لە مەشق و ئامادەكاریداین بۆ تازەپێگەیشتوان تا بە باشترین شێوە ڕێكیان بخەم بۆ داهاتوو، چونكە من لە كاتی كۆڕۆنا و كەرەنتینا گەورەكەشدا لە ڕێی ڤیدیۆ چاتەوە ڕێنماییم بە یاریزانەكان دەدا لە ماڵە و دواتریش هەر ئەوەندەی دۆخەكە ئاسایی بۆوە ئیتر هاتینەوە نێو یاریگا و مەشق و ڕاهێنانمان دەست پێ‌ كردەوە و نەوەستاوین تا ئێستاشە كە بەردەوام خەریكین خۆمان ئامادە دەكەین بە باشترین شێوە).

بە تەمای چی ترن؟

ڕاهێنەرەكەی تازەپێگەیشتوانی پێشمەرگە وتی: (بە تەماین تیپێك دروست بكەین لە داهاتوودا نەك لە كوردستان بەڵكو لە سەر ئاستی وڵاتی عێراقیش هاوشێوەی بەرشەلۆنەكەی گواردیۆلا بەرشەلۆنە جیهانییەكە ناوی ببرێت و بە تیكی تاكای پێشمەرگە بناسرێینەوە).

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا