ورده‌كاری ده‌ستگیركردنی خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ئه‌وین سیتی

پۆڵه‌تیك پرێس:
لەسەر سکاڵای ژمارەیەک لەدانیشتوانی پرۆژەی ئەوین سیتی، خاوەنی پرۆژەکە لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.

چێنەر نەجم عەبدوڵڵا، نوێنەری دانیشتوانی پرۆژەی ئەوین بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:” ئەم پرۆژەیە سەرەتا لە ساڵی 2010 ڕێككەوتننامەیه‌ك كرا لەگەڵ هاوڵاتیان، دەبوو لە ساڵی 2012 تەواو بوایە، بەڵام بە هۆی دۆخی ئابورییەوە ماوەكەی درێژكرایەوە، سەڕەرای ئەم كەم و كورتیانە، ئەو كەسانەی خانووەكانیان كڕیووە پارەی تەواویان داوە، بەڵام تاوەكو ئێستا قوتابخانە، مزگەوت، دایەنگە، باخچە، سەوزایی و بازاڕ و تەنانەت هیچ فرۆشگایەكیشی تێدا نییە”.

ئەو نوێنەرەی دانیشتوانی پرۆژەكە ئاماژەی بەوەشكرد:”كڕین و فرۆشتنی ناو پرۆژەكەش لەلایەن ئەو وەبەرهێنەرەوەیە و كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردووە، جگە لە نوسینگەی ناو پرۆژەكە، لە ڕەندگەلەریش نوسینگەی داناوەو هەركەسێك ناوەكەی دەگۆڕێت هه‌ر قیست و خزمه‌تگوزارییه‌كی تیابێت وەریدەگرێت، ئەمە لە كاتێكدایە له‌ 2020/11/1ەوە بە بڕیاری ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو ئەندامانی لیژنەی قائیمقامیەت، 25 هەزار دیناری خزمه‌تگوزاریی لابراوه‌.

وتیشی:”بە نووسراوێكی فەرمی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی لە مانگی ئایاری 2018وە داوا لە دانیشتووانی پرۆژەكە كراوە كە هیچ قیستێكی دیكە بە كۆمپانیا نەدەن تاوەكو جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان، هەروەها هەر بە نوسراویی فەرمیش نوسراوە كە كاتێك خانوو لە ناوێكەوە بۆ ناوێكی تر دەگۆڕیت بۆت نییە هەموو بڕە پارەی تەواو وەربگریت”.

ئه‌و نوێنه‌ره‌ نه‌یشارده‌وه‌ “كێشەكە ئەوەیە ئەو وەبەرهێنەرە پابەند نابێت بە هیچ بڕیارێكەوە، چونكە كه‌سی باڵای لە پشتە، لە ئێستاشدا ئەو كەسە دەستگیركراوە، بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە كە ئازاد دەكرێت، كە لە كاتێكدا زیاتر لە 400 شكاتی لەسەرە، بەڵام دوو ڕۆژ ڕاده‌گیرێت و و دواتر ئازاد دەكرێت”.

سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت وتی:”ئەو كەسە خۆی وەبەرهێنەرە و خاوەنی كۆمپانیاكە و پرۆژەكەیە، زیاتر لە چەند جارێك بە هێزی چەكدار دەچێتە سەر ماڵەكان و پارەی خەدەمات وەردەگرێت، تەنها هۆكارەكەشی ئەوەیە كە لە حكومەت پشتی هەیە بۆیە هەموو لایەك لەم بابەتە بێدەنگن”.

پێشتریش چەند هاوڵاتیەكی دانیشتوانی پرۆژەكە، چونەتە دەستەی وەبەرهێنان و له‌گه‌ڵ د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان كۆبوونه‌ته‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ پێی گوتون لیژنەیەك پێكدەهێنن، بەڵام تا ئێستا ئەو لیژنەیە پێكنه‌هێندراوه‌.

پێنج ساڵە پرۆژەی ئەوین سیتی تەواو بووە، بەڵام بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی تەواو نەبوون، پرۆژەكە پێكدێت لە 600 خانو و یەكەی نیشتەجێبوون، لەسەر رووبەری 140 دۆنم زەوی دروستكراوە و ده‌كه‌وێته‌ باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا