زیادبوونی فایلێكی تر بۆ “فایلە گڕگرتووەكان”ی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
رێككەوتنی ئیمارات‌و ئیسرائیل بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانیان فایلێكی نوێی بۆ “فایلە گرگرتووەكان”ی عێراق زیادكرد.

هەفتەی رابردوو ئەو گفتوگۆیانە ئاشكراكرا، كە بەسەرپەرشتی ئەمریكا لەنێوان ئیمارات‌و ئیسرائیل بەڕێوەچووە، بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات‌و ئەنجامدانی رێككەوتن لەچەند بوارێكی جیاواز.

لەیەكەم هەنگاودا، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا پشتگیری خۆی بۆ گفتوگۆو رێككەوتنەكە راگەیاند، كە ئەوە كاردانەوەی زۆری بەدواوە هات، بەتایبەتی لەجیهانی عەرەبیدا.

ئاشكرابوونی پەیوەندی‌و گفتوگۆكانی ئیسرائیل‌و ئیمارات، هاوكاتبوو لەگەڵ سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریكاو كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەو وڵاتە، كە ئەمە ئەو پرسیارەی بەدوای خۆی هێنا، ئایا واشنتۆن وا لەبەغدا دەكات هاوشێوەی ئیمارات بچێتە گفتوگۆوە لەگەڵ ئیسرائیل بۆ واژووكردنی رێككەوتن لەنێوان هەردوو وڵات.

لەئێستادا جۆرێك لەدابەشبوون لەناوخۆی عێراق بۆ كاردانەوەی رێككەوتنی ئیمارات‌و ئیسرائیل هەیە، بەوەی بەشێك لەبەرپرسانی سیاسی عێراق بەتەواوی رێككەوتنەكە رەتدەكەنەو بەشێكی تریش، جۆرێك پێشوازی لەو رێككەوتنە دەكەن‌و بەپێویستیشی دەزانن، عێراقیش رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بكات.

ئەوانەی رێككەوتنەكە رەتدەكەنەوە، دەیبەستنەوە بە دۆسییەی فەڵەستین‌و دژایەتی عەرەب بۆ وڵاتی ئیسرائیل، كە ئەوە پێشینەیەكی مێژوویی هەیەو ئەوانەشی پشتگیری دەكەن، باس لەوە دەكەن، وڵاتی ئیسرائیل لەناوچەكە بووەتە دیفاكتۆو پێویستە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ بكات.

بەدرێژایی سەدەی رابردوو، عێراق هەمیشە بۆ پشتیوانیكردنی فەلەستینییەكان لەداواكردنی مافە ڕەواكانیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر هێڵ بووە، هەر ئەمەش بیانووی ئەو كەسانەیە دژی رێككەوتنەكەن‌و جەخت دەكەنەوە دەبێت بەغدا بۆ هەمیشە لەدژایەتی ئیسرائیل بەردەوام بێت.

لەبەرانبەردا ئەو دەنگە سیاسییانەی لەناوخۆی عێراق بانگەشەی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل دەكەن، دەڵێن حكومەتی بەغدا بەو هەنگاوە دەتوانێت لەشەرمەزارییە سیاسییە شاراوەكەی ڕزگار بكات، وەك چۆن سعودییە لەچەند بۆنەیەكدا خۆی لەو پرسە بێدەنگ كردووەو ئەگەر هەیە ئەو وڵاتەش هەنگاوی رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بگرێتە بەر.

هەرچەندە میسر و ئوردن پێش وڵاتانی تری عەرەبی كەوتوون لەڕێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، بەڵام ئاساییكردنەوە لەسەر ئاستەكانی تر هێشتا رەتدەكرێتەوە، وەك ئەوەی ئیمارات هەنگاوی بۆ ناوە.

هەروەها سودانیش ئامادەیی نیشانداوە، بۆ واژووكردنی ڕێكەوتن لەگەڵ ئیسرائیل، بەلێدوانی حەیدەر بداوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، كە ئەو وڵاتە ستایشی ئەو جوڵە “ئازاییانەی” ئیماراتی كرد و رایگەیاند، ئەوانیش ناتوانن نكۆڵی لەبوونی پەیوەندی نێوان سودان و ئیسرائیل بكەن.

ئێستا بەروونیش چەند دەنگێك لەناو عێراقدا هەیەو داوای نموونەی ئیمارات لەئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكەن‌و لەو بارەوە سەرۆكی پارتی ئایندەی دەستووری عێراق ڕاسیق قەنبەر وتی: عێراق و عێراقییەكان بەڕاستی پێویستیان بە ڕێككەوتنی ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیل، وەك چۆن ئیمارات ئەنجامیدا، بە تایبەتی كە ئەمە لە بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەكاندایە، كە ئەوە پاڵ بە پێشكەوتنی عێراقەوە لەزۆر بواردا بە تایبەتی ئابووری و ئەمنی دەنێت.

ئەو سەرۆك پارتە راشیگەیاند، پێویستە بەر لە هەنگاوێكی لەو جۆرە عێراق لە لەنگەری ئێران ئازاد بكرێت، كە كۆنترۆڵی سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی عێراقی كردووە.

هەروەها جەختیكردووەتەوە، زۆرینەی گەلی عێراق بەرێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل رازین، چونكە ئەوان ژیانییان خۆشدەوێت و دەیانەوێت وەك گەلانی تر بژین، بەتایبەت ئیمارات، بۆیە پێویستە عێراق ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان ئەنجام بدات و نەك تەنیا ئیسرائیل، بەڵكو ئەمە پێویستی بە هەوڵی گەورە هەیە بۆ ئەوەی لەدەست داگیركاری ئێران لە دەوڵەتی عێراق ڕزگار بكرێت.

هەروەها سەركردەی پێشووی حیزبی ئومەی عێراقی یەكێك بوو لەیەكەمەكان، كە داوای لەحكومەتی عێراق كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە، ئەو لەو بارەوە وتی: عێراق پێویستی بەوەیە لەكەمپی جەنگ و توندڕەوی و وەهمەكان دەربێت و پێویستی بەدروستكردنی پەیوەندی جێگیر هەیە لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەم عێراقە پێویستی بەرێككەوتنی ئاشتی هەیە لەگەڵ ئیسرائیل، وەك ئیمارات‌و وتیشی: پەیوەندی نافەرمی لەنێوان هەندێك كەسایەتی سیاسی عێراق و ئیسرائیلدا هەیە.

پێناچێت پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی عێراق‌و ئیسرائیل یەكدەنگییەكی گەورەی هەبێت، چونكە حسێن ئەسەدی سەركردە لەهاوپەیمانی فەتاح لەو بارەوە وتی: دەستووری عێراق بەئاشكرا رێگرە لە هەر پەیوەندییەك، یان هەر ڕێكەوتن لەگەڵ ئیسرائیل‌و ناكرێت و مەحاڵە هیچ ڕێككەوتنێك ئەنجامبدرێت.

ئەسەدی وتیشی: پێناچێت هەندێك لە دەوڵەتانی كەنداو و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدوای ئەوەدا بگەڕێن عێراق لەناو ئەو وڵاتانەدا بێت، كە داوای ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكەن، چونكە هەرگیز ئەمە روونادات، گرنگ نییە ئەو وڵاتانە چی بكەن، چونكە ئێمە هێزە سیاسی و جەماوەری خۆمان هەیەو پەیوەندیمان بە هیچ وڵاتێكی تر نییە.

هەروەها ئەسیل نوجەیفی سەركردەی بەرەی ڕزگاری عێراق لەو بارەوە وتی: ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل زیان بەعێراق دەگەیەنێت، لەبەر چەند هۆكارێك لەوانە ئەو وڵاتانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییكردەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو وڵاتە لەشەڕدا بوون، بەڵام عێراق ئەوەی نییە.

وتیشی: لە عێراقدا هیچ بەرژەوەندییەكی ڕاستەوخۆمان نییە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، بەپێچەوانەوە ئەم ئاساییكردنەوەیە دەبێتە هۆی كێشەی گەورەی ناوخۆیی عێراق.

نوجەیفی هۆشداریشیدا، ئەو ئاساییبوونەوەیە دەبێتە هۆی دوولەتبوونی گەورە لەبارودۆخی عێراق و نێوان دەسەڵات و خەڵك و حكومەتی عێراق، چونكە ئەو هەنگاوە كاریگەریی زۆری لەسەر عێراق و عێراقییەكان دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا