بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: ئەو هێزەی سەر بەحكومەتی سوریان دەبێت قامشلۆ چۆڵبكەن

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارتی یەكێتی دیموكراتی _ پەیەدە، رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا بە نێوەندگیری رووسیا ئاگربەست لە نێوان میلیشیاكانی سەر بەحكومەتی سوریا و هێزەكانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دروست بووە، بەڵام هێزەكانی ئاسایش سورن لەسەر ئەوەی ملیشیاكانی سەر بە حكومەتی سوریا قامشلۆ چۆڵبكەن، چونكە لەلایەن حكومەتی بەشار ئەسەدەوە ئاراستە دەكرێن.

سلێمان عەرەب ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەكێتی دیموكراتی -پەیەدە بۆ پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند، لە ئێستادا ئاگر بەست دروستبووە لە نێوان هەردوولایەنی شەڕ لە قامشلۆ، بەڵام هێزەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سورن لەسەرئەوەی پێویستە میلیشیاكانی سەر بە حكومەتی سوریا گەڕەكی ئەلتەی لە قامشلۆ چۆڵبكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە وتی: ئەو هێزەی سەر بە حكومەتی سوریایە، هەر لە دەستپێكی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستانەوە گێرەشوێنی دەنێتەوە و لەلایەن هەردوو حكومەتی ئێران و سوریاوە بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی ئارامی قامشلۆ.

روونیشیكردەوە، میلیشاكانی سەر بە حكومەتی سوریا، سەرباری ئەوەی بۆنەتە هۆكاری تێكدانی ئارامی و ئاسایش لە قامشلۆ، سەرقاڵی بەكارهێنان و بازرگانی كردنن بە ماددەی هۆشبەر و هاوكات نزیكن لە فڕۆكەخانەی قامشلۆوە بۆیە بڕیاری هێزەكانی ئاسایشی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئەوەیە ئەو هێزە لە گەڕەكی ئەلتەی لە شاری قامشلۆ نەمێنن و شارەكە چۆڵبكەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی سەر بە حكومەتی سوریا و هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خۆسەر لە شاری قمشلۆ دروست بوو بەو هۆیەوە ژمارەیەك كوژراو و بریندار لە هەردوولا كەوتەوە، لە ئێستا بەنێوەنندگیری رووسیا ئاگر بەست لە نێوان هەردوولا راگەیەنراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا