مافی مرۆڤی پەرلەمان سەردانی سزادراوانی بادینان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان سەردانی سزادراوانی سنوری بادینان دەكات و لە رەوشی زیندانییەكان دەكۆڵێتەوە.

بەدرییە ئیسماعیل بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەكۆبونەوەی لیژنەكەیان باسیان لە رەوش و پرسی ئەشكەنجەدانی زیندانییان و راگیراوان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاریانداوە لیژنەكەیان لەگەڵ ژمارەیەك لە رێكخراوەكانی تایبەت بەمافی مرۆڤ سەردانی سزادراوان دەكەن، تاوەكو لەچۆنێتی جێبەجێكردنی لایەنە یاساییەكان و رەوشی سزادراوان بكۆڵنەوە.

پێشتر بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی سنوری بادینان و هەولێر بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، تیمی پارێزەرانی سزادراوان وچالاكوانانی بادینان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای هەولێرداوەو چاوەڕێدەكەن دادگای پێداچوونەوە بڕیار لەسەر دۆسیەكەیان بداتەوە.

لە ماوەی رابردودا دادگای هەولێر بە تۆمەتی “سیخوڕی و هەوڵدان بۆ كودەتا”، بڕیاری شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێنج رۆژنامەنوس ‌و چالاكی مەدەنی دەڤەری بادینان دەركرد، بڕیارەكەش لەلایەن بەشێكی زۆر لەهاوڵاتییانی هەرێم و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسانەوە رەتكرایەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا