عێراق، لە دوای سەردانەكەی پاپا فرانسیس

لە دوای گەڕانەوەی پاپا فرانسیس، ئێستا عیراق و تەنانەت كەلتوور و مێژووی عیراقیش لە بەردەم چەندان پرسیاری جدیدایە كە دەبێ دوای سەردانەكەی پاپا هیچ لێكەوتەیەكی ئاشتی لە عیراق ببینین؟

بۆیە دەڵێم كەلتووری عیراقی لەبەردەم پرسیاردایە، چونكە ئەگەر ئەم سەردانە هەر كاریگەرییەكی ئاشتی و پێكەوە ژیانی هەبێت، راستەوخۆ دەستكاری ئەو كەلتوورەی عیراق دەكات كە چەندان ساڵە شیعە و سوننە تێیدا ناكۆكییەكانیان دەدەن لە بێژنگ، ئایا شیعە و سوننە دەستبەرداری ئەو كەلتوورە دەبن و سەردەمێكی نوێ و مێژوویەكی نوێ بنووسنەوە؟ ئەمە قورسە و بەئاسانی نایەتە گۆڕێ.

سەردانەكەی پاپا بۆ عیراق لە دەركەوتنی سێبەری پێغەمبەرێك دەچوو لەسەر خاكی عیراق كە زۆر توڕەبێت لە پێكهاتەكان و مەزهەبە ئاینییەكانی عیراق، پاپا وەك ئەوەی پڕۆژەی پەیامەكەی ئیبراهیم پێغەمبەر لەسەر ئەم خاكە تەواو بكات، هەموو عیراقییەكانی گەڕاندەوە بۆ وەچەی پێغەمبەر ئیبراهیم، هەموو ئەو وتار و قسانەی پاپا لەسەر خاكی عیراق پێشكەشی كرد، پڕبوون لە ترس لە ململانێ و ناكۆكی نێوان گەلان و هاووڵاتیانی عیراق، بۆیە پاپا وەك تارماییەكی پێغەمبەرانە دێت و مەترسی و جەهلی ئەم ململانێ و پێكدادانە مەزهەبییەمان پیشان دەدات وەك ئەوەی ئەم وڵاتە گەیشتبێتە كەناری لەناوچوون.

هەموو ئەو پەیامانەی پاپا بۆ عیراقییەكانی نارد بۆ هەر گەل و سەرزەمین و جوگرافیایەكی دیكەش بێت شایانی وەرگرتن و ئیش پێكردنە، بەتایبەت بۆ عیراقییەكان لە چەندان رووەوە گرنگە كە یەكەمجارە لە مێژووی عیراقدا پاپا پەیامێكی جیاوازتری لە هەموو ئەو سەركردانە پێیە كە دێنە عیراق و عیراق وەك ماددە و خاوەن نەوت و سامانی زۆر دەبینن، پەیامەكەی پاپا بێبەرامبەر و بەبێ مەبەستی مادییە، لەكاتێكدا زۆرێكی سەركردە جیهانییەكان هەر كارێك و هەر پڕۆژەیەك پێشكەشی عیراق و عیراقییەكان بكەن لەبەرامبەر پارە و نەوت و ….هتد دەیكەن، بۆیە وەك چۆن قورسە ئەم پەیامانە لە ژینگەی عیراقیدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئاشتی و پێكەوە ژیان لەنێوان پێكهاتە عیراقییەكاندا دەستەبەر ببێت، بەهەمان شێوە پێویستە عیراقییەكان ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەن.

پاپا فرانسیس هێندەی عیراقییەكان لەوە تێدەگات پێكدادانی مەزهەبی و پێكدادانی ناوخۆیی چ كارەساتێكە بۆ ناوخۆی وڵات، چونكە هەر یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا، تیایاندا ئیتاڵیاش رۆژانێك بە دەست پێكدادانی مەزهەبی كاسۆلیك و پرۆتستانت و حوكمی دادگاكانی پشكنینەوە ناڵاندوویانە و سەردەمێكی رەش كە ناودەبرێت بە «سەدە تاریكەكان» باڵی بەسەر ئەو وڵاتانەدا كێشابوو. لەم سەردانەی پاپا فرانسیسەوە تێدەگەین یان دەبێت شۆڕشێكی رۆشنگەرانە لەگەڵ فەندەمێنتالیزمی عیراقی دەست پێبكات، یان دەبێت ئاشتی و پێكەوە ژیان لە عیراقدا شوێنی «ریفۆرمی ئاینی» ئەوروپی بۆ عیراقییەكان بگرێتەوە و ئەو ململانێ ناوخۆییە تێپەڕێنن.

عیراق لە دوای سەردانەكەی پاپا و پاشان گەڕانەوە، لە بەردەم دووڕیانێكی مێژووییدایە، یان دەبێت لەناو ئەو مێژووەدا بمێنێتەوە كە پاپا فرانسیس ناچار دەكات بەشێكی پەیامەكانی دژی ئەو مێژووە بێت، یان ئەوەیە عیراق مێژوویەكی نوێ دەنووسێتەوە كە بەشی دووەمی پەیامەكانی پاپا هانی عیراقییەكانی دەدا لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ئاشتی بژین و هەموو ناكۆكییەك وەلابنێن.

بەدیوێكی دیكەدا، چاوەكان لەسەر عیراق و عیراقییەكانە كە ئایا پەیامەكانی پاپا فرانسیس لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێ دەكەن و دەیكەنە ئەجێندا و بەرنامەی كاركردن لە داهاتوودا؟

وەڵامی ئەم پرسیارە رەشبینی نییە، بەڵام واقیع دەستپێشخەرە لە دۆخی عیراقدا كە ئەم وتار و پەیامانەی پاپا فرانسیس، هێندەی هەڵگری هێزێكی سیحری نییە كە پاپا لەگەڵ خۆی بەشی ئەم سەرزەمینە ئاشتی و خۆشەویستی بۆ گەلانی عیراق هێنابێت و لەگەڵ خۆیشی هەرچی ناكۆكی و ناخۆشی ئەم سەرزەمینە بباتە دەرەوە و بۆ ئەبەد ئەم ناكۆكییانە نەبینینەوە.

لە راستیدا هێزی بەرگری و مانەوەی ئەم ناكۆكییە جیاوازانە لەسەر خاكی عیراق گەلێك بەهێز و گەورەترە لە هێزی وتار و پەیامەكانی پاپا فرانسیس لە سێ رۆژی مانەوەیدا لە عیراق.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا