دەنگۆی چارەسەركردنی كەیسەكەی سلێمان هەڵشۆیی بەرێگەی عەشایەری رەتدەكرێتەوە

پۆلەتیك پرێس: محەمەد مستەفا
هەرچەندە مانگی ڕابردوو سلێمان هەڵشۆیی لە زیندانەوە ئامادەی دەربڕی، كە لە ڕێگەی ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتی (سوڵحی عەشایەری) بەشێك لە پارەی خاوەن قەرزەكانی بداتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێكەوتنێك نەكراوە و دەڵاڵەكانیشی داوا دەكەن خاوەن قەرزەكان داواكانیان لەدادگا بكێشنەوە .

لوقمان برادۆستی یەكێك لە نوێنەرانی خاوەن قەرزەكانی سلێمان هەڵشۆیی بە پۆلەتیك پرێسی وت: مانگی رابردوو ئەو لەگەڵ چەند كەسێكی تر لەبەندیخانەی گرتن و گواستنەوەی ڕانیە چاویان بەسلێمان هەڵشۆیی كەوتووە و سلێمان هەڵشۆیی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، كە لە ڕێگەی (سوڵحی عەشایەری) بەشێك لە پارەكان بۆ خاوەن قەرزەكان بگێڕێتەوە.

ئەو وتیشی: سلێمان هەڵشۆیی و دەڵاڵەكانی چەندین ئۆتۆمبیلی گرانبەها و موڵكی زۆر و بڕێكی باشی زێڕیان هەیە و دەكرێت لە ڕێگەی فڕۆشتنیانەوە بەشێك لەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ خاوەن قەرزەكان، بەڵام دوای نزیكەی مانگێك لەو دانیشتنە لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی تا ئێستا هیچ ڕێكەوتنێكی كۆمەڵایەتی نەكراوەو هیچ خاوەن قەرزێكیش پارەی وەرنەگرتووەتەوە.

لوقمان برادۆستی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە ئێستا كەس و كاری بەشێك لەو دەڵاڵانەی سلێمان هەڵشۆیی، كە دەستگیركراون داوا لەخاوەن قەرزەكان دەكەن، كە لە دادگا سكاڵاكانیان بكێشنەوەو لەڕێگەی كۆمەڵایەتی كێشەكە چارەسەربكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ خاوەن قەرزێك سكاڵاكەی نەكێشاوەتەوە .

لەكۆتایی وتەكانی لوقمان برادۆستی باسی لەوەشكرد، ئەوان وەك خاوەن قەرزەكان دەیانەوێت ئەو كەیسە لەڕێگەی یاسا و دادگاوە یەكلایبكرێتەوە و دادگا مافەكەیان بۆ بگەڕێنێتەوە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا