پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا ڕێکخراوی یونسکۆ، داوا لە گەلانی جیهان دەکات زمانی دایک بکرێتە بنەمای فێرکردن و سیاسەتی پەروەردەی فرە زمانی پەیڕەو بکەن و دەشڵێت” لە ٪٤٠ زمانەکانى جیهان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە”.
ڕێکخراویی پەروەردەیی، زانستی و کەلتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان – یونسکۆ لەڕۆژی جیهانی زماندا داوا لە گەلان و حکومەتەکانی جیهان دەکات، لە سەرەتای فێربوونی منداڵدا زمانی دایک بنەمای سەرەکی فێربوون و پەروەردەکەی بێت و تێکەڵ بە زمانی فەرمی بکرێت و ڕێبازی خوێندن و فێرکردنی فرە زمانی پەیڕەو بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی یونسکۆ ئۆدری ئازولای، لە چوارچێوەی وتارێکدا لەبارەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ڕایگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی فێربوون لە جیهاندا و لەهەمانکاتدا پاراستنی فرەچەشنی زمانەوانی، کە بەشێکی جەوهەری کەلتورییە، یونسکۆ داوا لە حکومەتەکان دەکات، سیستمی خوێندن و فێربوونی سەرەتایی لەسەر بنەمای زمانی دایک دابمەزرێنن، چونکە هاوکارێکی زۆر باشە بۆ زووتر فێربوونی منداڵ و تێگەیشتنی لە بابەتەکان.
ڕێکخراوەکە ئاشکراشی کردوە، لەسەرانسەری جیهاندا لانیکەم ٪٤٠ لە کۆی شەش هەزار و ٧٠٠ زمان بەهۆی کەمی بەکارهێنەرانییەوە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
ئەمڕۆ ٢١ی شوبات ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٩٩٩ وە لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە زمانى دایک لە جیهاندا ناسێنراوە.