ئاسایشى هەولێر دۆسیەیەكی دیكەی دژی شێروان شێروانی كردەوە

پۆڵەتیك پرێس

لەسەر سكاڵایەكی ئاسایشی هەولێر دۆسیەیەكی دیكە دژی شێروان شێروانی یەكێك لەدەستگیركراوانی بادینان كرایەوە، پارێزەرەكەشی دەڵێت، “تائێستا هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نییە”.

بەشدار حەسەن پارێزەری شێروان شێروانی بەپۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، لەسەر داوایەكی نوێی ئاسایشی گشتی بەتۆمەتی ناو زڕاندن و تەشهیركردن بە ئاسایش شێروان شێروانی برایە بنكەی پۆلیسی خانەقاو ئیفادەی لێوەرگیرا.

وتیشی، “سكاڵاكە بەهۆی ئەوەوە بووە گوایە لە رۆژی دادگایكردنەكەی لە 16ی شوبات شێروان بۆ بەرگریكردن لەخۆی ناوی ئاسایشی زڕاندووە، لە كاتێكدا ئێمە لەوێ ئامادەبوین بەهیچ شێوەیەك حاڵەتێكی لەوشێوەیە رووینەداوە”.

پارێزەری شێروان شێروانی دەشڵێت، “دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر چاوەڕێی ناردنی دۆسییەی دەستگیركراوانی بادینانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر نییە بۆیە ناردنی دۆسییەكانیان دواكەوتووە، بەو هۆیەشەوە ئەم سكاڵایەیان دژی شێروان تۆماركردووە تاوەكو ئازاد نەكرێت”.

هاوكات هەر لەو كۆنگرەیەدا پارێزەر كامەران بەرواری باسی لەوەكرد، شیروان شیروانی پەیامێكی هەبوو، لە پەیامەكەدا وتی، “ئێمە ورەمان زۆربەرزە و بەردەوامین لە مانگرتن پشت بەخودا، ئێوەش لە داكۆكیكردن بەردەوام بن”.

رۆژی 16ی ئەم مانگە دادگای هەولێر بەتۆمەتی سیخوڕی و كاركردن بۆ وڵاتانی بیانی سزای زیندانی شەش ساڵی بەسەر پێنج چالاك و رۆژنامەنوسی دەزەری بادیناندا سەپاند، بڕیارەكەش كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا