پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانی دووی هەولێری تایبەت بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی سنورى بادینان پەسەندكرد.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان و هەولێر بەپۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، دادگای پێداچوونەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر چالاكوانان و رۆژنامەنووسانی بادیناندا پەسەندكرد.
وتیشی، دادگای پێداچوونەوە بڕیارێكی نادروستی دەركرد و سەربەخۆبوونی خۆی جارێكی دیكە خستەوە ژێر پرسیارەوە.
هاوكات دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سزادرا وانی بادینان لە دادگا تاوانبار بوون و دادگا بڕیاری لەسەرداوە و پەیوەندیدار بە حکومەتەوە نییە.
بەوتەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی داوەری و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە.
دوای ئەوەی لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری) لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا، پارێزەرانی بەرگری داوای پێداچوونەوە (تەممیز)ی بڕیارەكەیان كرد بەڵام دادگای پێداچوونەوە بڕیاریدا بە وەڵامدانەوەی داواكە بە پەسەندكردنی بڕیاری دادگا سەبارەت بە سزادانی بەندكراوان.
دەقی بڕیارەكە