پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان دەڵێت، بە شێوەیەكی فەرمی داواكارییان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە بۆئەوەی لێبوردنی تایبەت بۆ ئازادكردنی سزادراوانی بادینان دەربكات.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سزادراوانی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە دوایین هەوڵ و هەنگاوماندا لە پێناو ئازادكردنی سزادراوانی چالاكوان و رۆژنامەنووسە سزادراوەكانی بادینان، بە شێوەیەكی فەرمی داوامان كردووە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات.
ئەو پارێزەرە وتی: بەپێی یاسا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێت و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوانی بادینان دەربكات.
وتیشی: تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.
لەڕۆژی 16ی شووباتی ئەمساڵ دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لە دادگاییكردنی دەستگیركراوانی بادیناندا هەریەك لە (ئەیاس ئەكرەم، شێروان شێروانی، شڤان سەعید ، گوهدار زێباری و هاریوان عیسا) ی بە شەش ساڵ زیندانی سزادا، بڕیارەكەش كاردانەوەی زۆر و جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی 27ی حوزەیرانی رابردووش دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان داوای پارێزەرانی سزادراوانی بادینانی رەتكردەوە كە داوای راستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچونەوە ( تصحیح القرار تمیز ) یان كردبوو، بەوەش دادگای پێداچوونەوە بریاری دادگای تاوانی دووی هەولێر پەسەندكرد بە سزادانی هەریەك لەو پێنج چالاكوانە بۆ ماوەی شەش ساڵ و ئیدی هیچ رێكارێكی یاسایی لەبەردەم پارێزەرانی بەرگریكار نەماوە تەنها بڕیاری لێبوردنی تایبەت نەبێت لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، یان پەسەندكردنی پرۆژە یاسایەك تایبەت بە لێبوردنی گشتی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.