پۆڵەتیک پرێس
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی شەممە پێشوازی لە عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عێراق کرد و هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کردەوە.
رۆژی شەممە میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، مەسعود بارزانی و عوسمان غانمی لە کۆبوونەوەکەیاندا گفتوگۆیان لەسەر دۆخە ئەمنییەکان و دوایین گەشەسەندنەکانی عێراق و هەرێم کردووە لە روبەڕوبوونەوەی بەرهەڵستییە ئەمنی و تیرۆرستییەکان.
ئەوەش هاتووە، هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کردووەتەوە بەمەبەستی ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان.
هاوکات، پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکی دیکە بووە لە میحوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، ئاماژەیەک هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی شنگال و باسیان لەوەکرد، تا ئێستا بەشێوەیەکی کردەیی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.