شنگال.. ئەگەری دروستبوونی شەڕ

پۆڵەتیک پرێس

سەرچاوە ئەمنییەکانی قەزای شنگال جەختیان لەوەکردەوە، سەرکردایەتی سوپای عێراق هەتا 1ی نیسانی داهاتوو دەرفەتی داوەتە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” بۆئەوەی قەزاکە بەجێبهێڵن، هەتا دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی ماوەی پێنج مانگە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال و گەڕاندنەوەی دانیشتووانەکەی واژۆ کراوە.

بەپێی رێککەوتنی شنگال، پێویستە ئەمنیەتی قەزاکە لەلایەن هێزە ئەمنییە فیدڕاڵییەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دابینبکرێت و سەرجەم هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە قەزاکە بکرێنەدەرەوە لە ناویشیاندا هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە و هەر هێز و قەوارەیەکی دیکە کە پەیوەندی لەگەڵ  پەکەکەدا هەبێت.

لەوبارەیەوە حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئێزدخان رایگەیاند، سوپای عێراق هەتا 1ی نیسانی داهاتوو کاتی داوەتە ئەندامانی پەکەکە هەتا لە ناوەندی قەزای شنگال بچنە دەرەوە، وتیشی: لە ئێستادا بەکارهێنانی هێز لەپێناو کردنەدەرەوەی پەکەکە لە شنگال رەتکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزە لەگەڵ ئەوەی بە هێزێکی نایاسی لەقەڵەم دەدرێت کەچی لە بینا حکومییەکاندا کارەکانی دەکات.

سوپای عێراق هەتا 1ی نیسانی داهاتوو دەرفەتی داوەتە چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” بۆئەوەی قەزاکە بەجێبهێڵن

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک سەرکردەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق گەیشتنە شنگال و لەگەڵ چەند بەپرسێکی ناوخۆیی قەزاکە کۆبوونەوەیان ئەنجامدا بەبێ ئەوەی ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام دواتر ئەندامانی پەکەکە لە قەزاکە خۆپیشاندانیان کرد و کەوتنە قەیرانەوە لەگەل هێزەکانی سوپای عێراق.

لەوبارەیەوە عیماد باجەلان، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لەلایەن بەغدا و هەولێرەوە پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال هەیە کە دەبێتەهۆی کۆتاییهێنان بە مشتومڕی ئەو قەزایە و دەبێتەهۆی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی.

وتیشی: پەکەکە زیانێکی زۆری بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە و دانیشتووانی ناوچەکەی توشی کارەساتی ئەمنی کردووە و پێویستە لە شنگال پاشەکشە بکات و ئەو ناوچەیە رادەستی عێراق و هەرێم بکاتەوە.

لە بەرامبەردا شێخ شامۆ، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئێزدییەکان دووریخستەوە چەکدارانی پەکەکە لە شنگال بەبێ شەڕ و روبەڕوبوونەوە لەگەڵ سوپای عێراق بچنە دەرەوە و وتیشی: پەکەکە لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندی ئێران و تورکیا لە قەزاکەدا ماوەتەوە.

شامۆ ئاماژەی بەوەشکرد، “راستە حکومەتی عێراق کاتی داوەتە پەکەکە تا لە شنگال دەربچێت، بەڵام بڕواناکەم پەکەکە بەمە رازی ببێت لەبەرئەوەی بڕیارەکە بە دەستی ئەو نییە و ئەو ئەجێندایەی خزمەتی دەکات ئەوەی سەپاندووە بەسەریدا کە لە قەزاکەدا بمێنێتەوە، وتیشی: پەکەکە لەڕووی ئیدارییەوە لە شنگال پەیوەستە بە حەشدی شەعبییەوە کە لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت”.

پەکەکە زیانێکی زۆری بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە

لایخۆیەوە کاوە شێخ موس، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پەکەکە رایگەیاند، ئاگادار نییە لەوەی سوپای عێراق کاتی بۆ پەکەکە دیاریکردبێت و وتیشی: ئەو شەڕڤانانەی لە ئێستادا لە شنگالدا بوونیان هەیە خۆیان خەڵکی قەزاکەن و کار بۆ پاراستنی شنگال دەکەن.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا لەنێوان خەڵکی شنگال و شاندەکانی حکومەتی عێراق گفتوگۆ هەیە هەتا بگەنە تێگەیشتنێک لەپێناو پاراستنی قەزاکە لە هەر هێرشێکی دەرەکی، هاوکات، کار بۆ پێکهێنانی هێزێکی چەکداری رێکخراو لە خەڵکی شنگال دەکەن و گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ قەزاکە رەتدەکەنەوە، وتیشی: ئەنجامی گفتوگۆکان سەرەتای مانگی داهاتوو دەردەکەوێت.

رۆژی هەینی قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای ئەهلی حەقی سەربە ئێران لە عێراق داوای رەتکردنەوەی رێککەوتنی شنگالی کرد و بە گرێبەستی ناپاکی هەڵبژاردنەکان وەسفیکرد.

خەزعەلی لە تویتێکدا نوسی، رێککەوتنی شنگال بەداخێکی زۆرەوە گرێبەستێکی سیاسییە بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتی هەڵبژاردنەکان لەسەر حسابی هاوڵاتییانی ئێزدی و جێبەجێکردنی بە مانای ستەمکردن لەو هاوڵاتیانە دێت، وتیشی: پێویستە ئەم رێککەوتنە بوەستێنرێت چونکە رێککەوتنێکی ناپاکانەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا