عێراق و هەرێم بۆشاییە ئەمنییەكان پڕدەكەنەوە

پۆڵەتیك پرێس:
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گرنگەو لەبەرژوەندی عێراق و هەرێمی كوردستانە دەبێت بەزوو ئێراق هەنگاوی بۆ بنێت.

لەو بارەوە لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: پێویستە حكومەتی عێراق هەماهەنگییەكانی زیاد بكات هەوڵی جدی بدات بۆ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنیان تێدا هەیە، كە زیاتر ناوچەكانی دیالە و خانەقین و كەركوك و مەخمور و سحێلانە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی، هەر كاتێك ئەو بۆشاییە ئەمنییانە پڕكرانەوە، دوژمن و تیرۆریستانی داعش ناتوانن بە ئاسانی كردەوەكانیان ئەنجامبدەن، بۆیە پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان كارێكی گرنگە و لەو رووەشەوە هێزەكانی عێراق پێویستیان بە هەماهەنگی هێزەكانی پێشمەرگە هەیە.

نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق باسی لەوەشكرد، دواكۆبوونەوەیان لەگەڵ هێزە عێراقییەكان لە مەخموور بووە، لەكۆبونەوەكەدا باسی پڕكردنەوەی ئەو شوێنانە كراوە، كە بۆشایی ئەمنی تێدایە و جێگای مەترسین بۆ چالاكییەكانی داعش، بەڵام كۆبوونەوەكان وەك پێویست نین و چاوەڕێ دەكەن لەرۆژانی داهاتودا گفتوگۆكان دەست پێبكاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا