پێشنیازی نوێ‌ بۆ نرخی ئاوی ماڵان دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس:
پێوەری ئاوی ماڵان چارەسەری گرفتی ئاوی خواردنەوەی هەرێمی كوردستانی نەكردووەو سودی دارایشی بەحكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیاندووە، بۆیە لیژنەیەكی پەرلەمانی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشنیاری نرخی نوێییان بۆ كرێی ئاوی ماڵان كردووە.

لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن‌و گەشتوگوزار لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێس-ی وت: بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەی، كە گرێبەستیان لەگەڵ حكومەت كردووە لەبری سود زیانی بەداهاتی حكومەت گەیاندووە و كێشەو گرفتەكانی ئاوی لەهەرێمی كوردستان چارەسەر نەكردووە و ئەركی سەرشانی هاووڵاتییانی قورستركردووەو نەشبووەتە هۆی گەڕانەوەی داهاتی زیاتر بۆ حكومەت.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: بە بەراورد بەساڵی 2014 مانگانە داهاتی كۆكردنەوەی پارەی ئاو لە 40 ملیار دینار بووە، بەڵام لەساڵی 2020 كە پێوەری ئاو بۆ ماڵان بەستراوە داهاتی ئاو بۆ 30 ملیار دینار كەمیكردووە.

هەروەها وتی: لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار لەهەوڵی بەردەوامدان و چەند نرخێكیان بۆ ئاوی ماڵان پێشنیاركردووە و نرخەكانیش لەنێوان سی هەزار و چل هەزارو چل‌و پێنج هەزار دایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، فەرمانگەكانی حكومەت و ئەو كۆمپانیا گەورانەی ئاوی زۆر بەكاردێنن و ئاوی زۆر بەفیڕۆ دەدەن پێویستە پێوەر ببەستن پێوەریان نییە، بەڵام هاوڵاتیان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان باش نییە فشاریان لەسەرە، كە دەبێت پێوەری ئاو لەماڵەكانیان ببەستن ئەگەر ئەوكارەنەكەن سزادەدرێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا