پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدات

پۆڵەتیک پرێس

خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتوو دەنگ لەسەر خاڵەکانی ناو پڕۆژەیاساکە بدرێت.

لەمیانی دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتاران داوایانکرد بەشێوەیەکی دادپەروەرانە داهاتەکان لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا دابەش بکرێت.

لە دانیشتنەکەدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای بودجە پێویستی بەوەیە قەبارەی خەرجی گشتی کەمبکرێتەوە و کەرتە تایبەتەکانی وەک کەرتی پێشەسازی و کشتوکاڵ کارا بکرێت.

لایخۆیەوە، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە فراکسیۆن و لیژنەکانی پەرلەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دارایی هەوڵ بدەن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە بەجۆرێک لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت بەشێوەیەکی گشتی و بێ جیاوازیکردن لەنێوان پارێزگاکاندا.

حەداد وتیشی: پێویستە هەماهەنگی و تێگەیشتن هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و پەرلەمانتاران دەنگ لەسەر خاڵەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 بدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا