ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی لە عێراق گەیاندە 2500 سەرباز

پۆڵەتیک پرێس

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەریەکە لە عێراق و ئەفغانستان گەیشتووەتە دوو هەزار و 500 سەرباز.

کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، لەسەر خواستی دۆناڵد ترەمپ کە دەیەوێت ئەو جەنگە بوەستێنێت کە کۆتایی پێنایەت، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کەمکردەوە.

میلەر ئاماژەی بەوەکرد، کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق بەمانای ئەوە دێت توانای سوپای عێراق پەرەیسەندووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم کەمکردنەوەیە بەمانای گۆڕینی سیاسەتی ئەمریکا نایەت و هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراقدا دەمێننەوە بۆ کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە رێکخراوی چەکداری داعش.

جەختی لەوەش کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا و حکومەتی عێراق هاوڕان لەسەر ئەوەی هێشتا داعش لە توانایدایە هەڕەشە دروست بکات.

سەرەتاکانی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ مارک ئیسپەری وەزیری بەرگری دوورخستەوە کە رەخنەی لە پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق گرت و لەجێگای ئەو، کریستۆفەر میلەری راوێژکاری بە وەکالەت دانا کە پاڵپشتی پلانی کشانەوەکەی دەکرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا