په‌رله‌مانتارێكی كورد: له‌سه‌ر پشكی هه‌رێم ئومێدێك هەیە بگەینە ئەنجامی دڵخۆشكەر

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: “بەشێوەیەكی گشتی هەڵوێستی فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان دڵخۆشكەر نیە بەرامبەر پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجە، بەڵام هەندێك لە پەرلەمانتارەكانیان هەڵوێستیان گۆڕاوە و پێیان وایە دەبێت دەرچەیەك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم”.

سەلیم شوشكەیی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: “بەشێوەیەكی گشتی هەڵوێستی فراكسیۆنە شیعە و سوننەكان دڵخۆشكەر نیە بەرامبەر پشكی كورد لە پرۆژە یاسای بودجە، ئێمەش تێبینیمان هەیە لەسەر هەڵوێستەكانیان، بەشێكی هەڵوێستەكانیان پەیوەندی بە رێكاری یاساییەوە هەیە، بەڵام پێمان وایە بەشێكیان نایاساییە”.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:”پێمان وتوون دەربارەی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند چی دەڵێن ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەكو كارتی فشار بەكاردەهێنن، ئەوە لای ئێمە هێڵی سورە و مایەی قبوڵكردن نیە، بە كازمی و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانیشمان وتووە ئەوەی ئێوە دەیكەن بەستنەوەی موچەی فەرمانبەران بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستووری عێراقە”.

شوشكه‌یی باسی لەوەشكرد، لە كاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجە گفتوگۆكان گەرم و گوڕ و توند دەبن و رەنگە بگاتە رادەی بایكۆت و دەنگ هەڵبڕین و هەر هەڵوێستێكی دیكە كە پێویست بێت لە پێناو قوت و پشكی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەین.

سەلیم شوشكەیی ئاشكراشیكرد، هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان یەكدەنگین لەسەر ئەوەی موچەی فەرمانبەران و شایستەداراییەكانی جووتیاران و هێزەكانی پێشمەرگە كە بەشێكە لە سیستمی سوپای عێراق، تێكەڵ بە ململانێ‌ سیاسییەكان نەكرێت و لە پرۆژە یاسای بودجەدا جێیان بكرێتەوە.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی عێراق وتیشی، بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنە شیعە و سوونەكان كە پێشتر هەڵوێستیان توند بوو، ئێستا رای جیاوازیان هەیە و پێیان وایە ناكرێت فەرمانبەرانی هەرێمێك كە سەر بە ناوەند بن موچەیان نەدرێتێ‌، دەبێت دەرچەیەك بۆ ئەم كێشەیە بدۆزرێتەوە، بۆیە ئومێدێك هەیە لەم یەك دوو رۆژەدا بگەینە ئەنجامی دڵخۆشكەر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا